بەهۆی هاوردەنەکردنی ئاژەڵەوە لەدەرەوەی هەرێم نرخی گۆشتی سور گران بووە

  2024-02-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فرۆشیارانی گۆشتی سور ڕایدەگەیەنن: ماوەیەکە ڕێژەیەکی کەم ئاژەڵ لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێت‌و بەرهەمی ناوخۆش کەمە، بۆیە نرخی گۆشتی سور گران بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی فرۆشیارانی گۆشتی سور ئاشکرایانکردوە، نرخی گۆشتی سور گران بوە، ئاژەڵی بچووک نرخی هەر کیلۆیەک هەزار دیناری چوەتەسەر واتە لە٢٢ هەزارەوە بوە بە٢٣ هەزار، ئاژەڵی گەورەش نرخی هەر کیلۆیەک دوو هەزاری چوەتەسەر لە٢٠هەزارەوە بوە بە٢٢ هەزار دینار.

باسیان لەوەشکردوە، مانگێک پێش ئێستا، ئاژەڵ نرخی کیلۆیەکی لەنزیکەی حەوت هەزاردا بوو (بەزیندە قەپان)، بەڵام ئێستا بوە بەنۆ هەزارو ٧٥٠ دینار، گرانبونی نرخەکانیش لەمەیدانی ئاژەڵانەوەیە.

هەروەک ئەوەشیان ئاشکراکردوە، ماوەیەکە ڕێژەیەکی کەم ئاژەڵ لەدەرەوە دەهێنرێت، بەرهەمی ناوخۆش هێندە نییە کە پێداویستی بازاڕ پڕبکاتەوە، بۆیە نرخەکەی بەرزبوەتەوە، پێشتر ئاژەڵ لە(تورکیا، سوریاو ئێران)و هەروەرها لەجۆرجیاشەوە دەهێنرا، بەڵام ئێستا بڕێکی کەم ئاژەڵ دەهێنرێت لەبەر دوو هۆکار، گومرکی ئەو ئاژەڵانەی کە دەهێنرێنە ناوخۆ زیادیکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی ئاژەڵ لەو وڵاتانە زیادیکردوەو پێداویستی ناوخۆی پێ پڕدەکەنەوە.


ڕیکلام