سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ سودانی کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکوک رێککەوتن و بڕیاریاندا هاوپەیمانێتییەک پێکبهێنن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێیدا ئامادە بوو، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر ئەم چەند خاڵە ڕێککەوتن:
دەقی خاڵەکان...
بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکوکەوە وەک عێراقێکی بچووک، بەشداربووان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆڵەکانی کەرکوک لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە پێکەوەژیان بپارێزرێت و پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری لەنێوان ڕۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت و دەستوور ئەو چەترە بێت کە هەمووان تێیدا پەنا بگرن.
رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە شێوازی هاوبەشی و ڕێککەوتن و پەراوێزنەخستن بنەمای کاری هاوبەش بێت لە پارێزگای کەرکوک.
ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرکوک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و ببێتە چەتری سیاسی بۆی و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی هاوپەیمانێتێکە بکات هەتا جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمەکەی و یاسا ناوخۆییەکانی هاوپەیمانێتێکە.
ئامادەکردنی (بەرنامەی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە کەرکوک) کە لەلایەن هاوپەیمانێتێکەوە پەسەندکراوبێت، و هێزەکانی هاوپەیمانێتێکە پابەند بن پێیەوە و بەڕێوەبەرایەتی نوێی پارێزگاکە جێبەجێ کردنی لەخۆبگرێت بەپێی میکانیزم و کاتی ڕوون و کرداری.
هێزە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا بەڵگەنامەی کارکردن پێشکەش بکەن، لەوانە تێڕوانینی خۆیان بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی یەکخراو بۆ پارێزگاکە و میکانیزمە گونجاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.