سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق: دەبێت بانکەکانی حکومەتی فیدراڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن

  2024-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، "ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەکە جێبەجێنەکات فەرمانگەکان دەتوانن راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد "

دادوەر جاسم ئەلعمێری, سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق, لە نوێترین چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، بڕیاڕەکەی دادگای فیدراڵی, سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پابەندکردووە, بە کردنەوەی هەژماری بانکی لەبانکە فیدراڵیەکان بۆ مووچە فەرمانبەران و خانەنیشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی, کە دواتر لەپشکی دیاریکراوی هەرێم دەبڕدرێت لە بودجە.

باسی لەوەشکردوە، ئەو توێژانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە, سەلماوە  مووچەی مانگانەیان بەشێوەیەکی رێکخراو وەرناگرن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.

دەشڵێت، ناکرێت کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی بودجە, ببێتەهۆی بێبەشکردنی هاوڵاتیانی هەرێم لە مووچەی مانگانەیان.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەکەی دادگا جێبەجێنەکات, فەرمانگە لاوەکییەکان دەتوانن کاری جێبەجێکردن و هەماهەنگی راستەوخۆ بکەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق.

رونیشیدەکاتەوە،  ناکرێت فەرمانبەرانی ناوەڕاست و باشور مووچەی مانگانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەربگرن, لەکاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم لێی بێبەشبکرێن, بەمشێوازە یەکسانی بەدینایەت, ئەوەش دەبێت هۆی پێشێلکردنی دەستور.


ڕیکلام