وەزارەتی ناوخۆ وەک دوایین وەزارەت لیستی مووچەی رەوانەی بەغدا کرد

  2024-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە ناردنی لیستی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ کۆتای هات بە ناردنی لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ وەک دوایین وەزارەت لیستی مووچەی فەرمانبەرانی رەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە و بەوەش ئامادەکردنی لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی کۆتای هاتووە. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا چاوەڕێن ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی ئیمزا لەسەر لیستەکە بکات و دواتریش رەوانەی بەغداد دەکرێت بەمەبەستی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران.

پێشتر وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندبوو، هۆکاری درەنگ ناردنی لیستی مووچە بۆ ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی بەغداد دەگەڕێتەوە و بە زووترین کات رەوانەی بەغدادی دەکەن.

وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی شوبات داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم کردووە بە زمانی عەرەبی لیستی مووچەی بۆ بنێرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رۆژێک بوو وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچە بوو.


ڕیکلام