​هەفتەی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای نەوتی سپی کۆدەبێتەوە

  2024-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی تایبەت بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکات و داواکراوە بەشێوەیەکی یەکسان پێداویستی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق دابینکرێت.

بڕیاربوو رۆژی ٤ـی ئەم مانگە، دادگای فیدڕاڵی یەکەمین دانیشتن لەسەر سکاڵای تایبەت بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، بەڵام دادگاکە تاوتوێکردنی سکاڵاکەی بۆ ١٣ی ئەم مانگە دواخست، سکاڵاکە لەلایەن نەهرۆ مەحمود جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆمارکراوە و تیایدا داوایکردووە بڕیارێکی حکومەتی فیدڕاڵ بە نادەستوری لە قەڵەم بدات کە تایبەتە بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بڕی ٢٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک.

لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەر خێزانێک نەوتی سپی بە ١٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک لێ وەردەگرێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش لە ٣١ـی ئەم مانگە بەدواوە پێدانی نەوتی سپی بە هەرێمی کوردستان بۆ ٥٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک زیاد دەکرێت.

لە سکاڵاکەدا داواشکراوە دادگای فیدڕاڵی حکومەت پابەندبکات بە رەچاوکردنی بنەمای یەکسان بۆ دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان و بەهەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، نەوتی سپیش بە ١٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات.


ڕیکلام