جەمال کۆچەر: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی بەنیشتمانیکردنەوە خەرجدەکرێت

  2024-03-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
‌ ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت: داوای بەنیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین و دادگای فیدراڵیی جگە لەڕێگەی بەنیشتمانیکردنەوە ڕێگەنادات موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکرێت.

جەمال کۆچەر ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند: لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەنیشتمانییکردن هیچ موچەیەک وەرناگرن و دەبێت لەم مانگەدا پەلە بکرێت لەبەنیشتمانیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت حکومەتی عێراق پەلەبکات لەکردنەوەی لقی بانکە فیدراڵییەکان لەهەرێمی کوردستان، بەوپێیەی جگە لەلقی بانکی بازرگانیی، هیچ لقێکیان لەهەرێمی کوردستاندا نییە، بۆئەوەش داوای لەحکومەتی هەرێم کردوە کە داتاو زانیاریی فەرمانبەران بەخێرایی پێشکەشبکات بۆئەوەی کێشەی بەنیشتینمانیکردنی موچە بەتەواوەتیی یەکلایی بکرێتەوە.

بەوتەی جەمال کۆچەر، بەنیشتمانیکردنی موچە پێیویستی بەوەیە هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێرهەموو هەوڵێکیان بدەن بۆئەوەی لەماوەی ئەم مانگی ڕەمەزانەدا کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنرێت، بەتایبەت کە دادگای فیدراڵیی ڕێگەنادات موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکرێت جگە لەڕێگەی بەنیشتمانیکردنەوە.

بەگوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە ڕۆژی (٢١ی شوباتی ٢٠٢٤) لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق‌و هەرێم پابەندی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بن‌و کار بۆ ئەوەبکەن کە موچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆی دابەشبکرێت.

بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم پێویستی بەزیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە، بۆیە لەگەڵ گەیشتنی لیستی فەرمانبەران بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لێدەردەکات، کە ٣٢٠ ملیار دینارە، ئینجا پارەکە دەنێرێت.

ئەمڕۆش پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئاشکرایکرد، "وەزیری دارایی عێراق پێیڕاگەیاندین، ئەو داتاو زانیارییانەی پێشتر حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی بایۆمەتری موچەخۆراندا کۆیکردونەتەوە، بۆ هەژماری بانکی موچەخۆران سودیان لێ وەردەگرین".