ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پێنج رۆژە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام تا ئێستا وەزیری دارایی ئیمزای لەسەر نەکردووە.
دکتۆر نەرمین معروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لە بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ پرسی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم، پەیوەندیکردووە بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە، پێیان راگەیاندووە لیستی مووچەی هەرێم زۆر بەباشی ئامادەکراوە وەک ئەو خشتەیەی داواکرابوو، دوای تەواوبوونی ووردبینی دەستدەکەن بە خەرجکردنی مووچە بەڵام هەر توێژەو بەجیا، واتا فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی.
لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا نێردراوە، ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندرا کە وردبینی لە لیستی مووچە تەواوبووە، بەڵام تا ئێستا وەزیری دارایی عێراق ئیمزای لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکردووە، سبەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەینێ وەزیری دارایی ئیمزا لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات.