دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بڕیارەکەمان لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و مووچەی مانگی ئازار بەبێ کارتی بانکی نانێرین.
لەڕاگەیەندراوێکدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بووە بەبڕیارەکانی دادگاکە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، بەپێی راسپاردەی سەرۆک وەزیران و رەزامەندی وەزیری دارایی و لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی بڕیاردراوە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی شوبات، بەڵام ناردنی موچەی مانگی ئازار پەیوەستە بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جەختدەکاتەوە، مانگی داهاتوو موچە لەڕێگەی کارتی بانکیەوە دابەشدەکرێت، دەشڵێت:"بڕیارەکەمان لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێمەوە ڕایگەیاند: پێویستە موچەخۆرانی هەرێم ھەژماری بانکی لەبانکە فیدراڵییەکان بکەنەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٤ ماڵپەڕی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق هەواڵێکی دەربارەی نوسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لەکردنەوەی هەژماری بانکی لەبانکە فیدراڵییەکان کردبوەوە، بۆ ناردنی موچەی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان.
دوێنێ دوشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بەچەند نوسراوێک بڕیاریدا موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبکات جەختیشیکردەوە، بەبێ کردنەوەی هەژماری بانکی، موچەی مانگی سێ بۆ فەرمانبەران نانێرێت.