دادگای فیدڕاڵی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

  2024-03-14  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە هەفتەی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە کە لە لایەن ٩ مامۆستاوە تۆمارکرابوو.

بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، رۆژی ١٧ی ئادار دادگاکە سکاڵایەک تاوتوێدەکات کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادەستوری لە قەڵەم بدات.

لە سکاڵاکەدا داواکراوە، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتیل گشتی ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠١٨ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت ماددەکانی (٦، ٧، ٨ و ٩)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە.

دادگای فیدڕاڵی ٢٥ی شوبات بڕیاردانی لەسەر هەمان سکاڵا بۆ ١٧ی ئادار دواخست و چاوەڕێدەکرێت لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵەکە بدات.


ڕیکلام