سۆرانی  |  بادینی  |  English      

تورکیا بەربەستە گەورەکەی بەردەم رێککەوتنی هەولێر و بەغدا

  2020-07-18  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەرچەندە عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكبوونەتەوە لە رێككەوتن لەبارەی دۆسێی نەوت، بەڵام توركیا بووەتە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە.

توركیا ساڵی 2013  لە رێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاگاداری یەكەمی دۆسیی نەوت، گرێبەستی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد، بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی میهری ئێرانی تەنیا ساڵی 2019 ئەنقەرە 1 ملیار دۆلار پارەی لە نەوتی  هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە.

لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی كوردستان یەك ملیار و 250 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەگەر توركیا لە ماوەی ئەو 13 ساڵە هەموو ساڵێك ملیارێك دۆلاری دەست كەوتبێت ئەوا تاوەكو ئێستا 13 ملیار دۆلاری لە رێگەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەستكەوتووە.

ئەو داهاتە زۆرەی  توركیا لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت  وایكردووە ئەو وڵاتە چاوی لە هەر رێككەوتنێك بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا كە كار لەسەر ئەو داهاتەی بكات كە ئەوەش خاڵی سەرەكی ڕێكنەكەوتنی هەرێمی كوردستان و عێراقە لەبارەی نەوتەوە.

بەهۆی بوونی دەیان دیوی شاراوە و ناشەفافبوونی دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق داوای گەڕانەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و فرۆشتنی لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ دەكات بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، داهاتەكەی دەنێرین بۆ بەغدا نەك نەوتەكە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی دیكەشی هەیە، نوێنەرانی كورد لە بەغدا جەخت لەوە دەكەنەوە بەو هۆیەوە هەموو دانووستانێكی هەولێر و بەغدا بە فەرمانی توركیا ناگاتە ئەنجام.

لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان وەك وڵاتانی دیكە زەحمەتە نەوتەكەی بە راستەوخۆ بفرۆشێت و پێویستی بە دەڵاڵە، هەرێمی كوردستان بە هاوكاری توركیا ئەو دەڵاڵەی دۆزیوەتەوە كە كەسێكی بە رەچەڵەك پاكستانییە بە ناوی مورتەزا لاخانی.

مەڵپەری بلۆمبێرگ لەبارەی مورتەزا لاخانییەوە دەڵێت، مورتەزا پیاوێكی بەڕەچەڵەك پاكستانییە و لە بەریتانیا دادەنیشێت، سەرەتای كاركردنی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٠ كە لە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراكدا كاری كردووە و لە ٢٠٠٣وە لە بواری نەوتی ھەرێمی كوردستاندا كار دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەرەكە، مورتەزا لاخانی دەڵاڵی بە نەوتی ئەو ناوچانەوە دەكات كە بەھۆی كێشەی یاساییەوە كەس نەوتەكەیان ناكڕێت، بەڵام ئەو بەهۆی ئەو ئەزموونە زۆرەی لە دەڵاڵیدا هەیەتی، موشتەرییان بۆ دەدۆزێتەوە.

هەربۆیە نەوتی هەرێمی كوردستان كە كێشە یاسایی سەربەخۆ فرۆشتنی هەیە، ماوەی چەند ساڵێكە بووەتە پاروویەكی چەور بۆ ئەم دەڵاڵە جیهانییەوە و بەهۆیەوە چەندین ملیار دۆلار پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە حیسابی ئەو و ئەویش لە ڕێگای كۆمپانیاكانییەوە، دەیگوازێتەوە بۆ هەرێم.

بۆ نموونە مورتەزا لاخانی پێش فرۆشتنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای روسنەفتی روسیا، 800 ملیۆن دۆلار پارەی لە زیورخەوە بردووەتە نیۆیۆرك و لەوێوە گواستوویەتییەوە بۆ لوبنان .

پەیوەندی لاخانی لەگەڵ ئاگادارانی دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر نهێنییە و پەیوەندییەكی نزیكە، لە ڕێگای كۆمپانیای " IMMS "ەوە كە خۆی خاوەندارێتی دەكات پارەی نەوتی كۆمپانیاكانی روسنەفت، ویتۆڵ، ترافیگۆرا و گازپرۆم كە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن لە كەرتی نەوت و گازدا، دەگوازێتەوە بۆ هەولێر و هەر ئەوە كە قەرزی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە جێبەجێ دەكات.

ئەم تەخشان و پەخشانكردنە لە داهاتی نەوتی هەرێم، زیانەكەی تەنها بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، چونكە حكومەتی هەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێت و ناتوانێت موچە بدات، ئەمەش پاساوی داوەتە حكومەتی ناوەندی كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت و هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە ئەگەر هەرێم نەوت و داهاتەكانی بە تەواوەتی ڕادەستی بەغدا نەكات، جارێكی تر یەك دینار بۆ هەرێم نانێرن.