بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند: تا ئێستا تەنها لەناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆت کراوە و ڕەنگە ئەمڕۆ کارمەندی هاتوچۆی سەر شەقامەکانیش بگرێتەوە.
عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند: کارمەندەکانمان لە دۆخێکی دارایی خراپدان و ماوەی پێنج مانگە یەک موچەیان وەرگرتوە، بەشێکیان پارەی هاتوچۆ و بەربانگکردنەوەیان پێنییە، بۆیە ناتوانین فشاریان لێبکەین و ناچار بە دەوامکردنیان بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، داھاتی هەفتەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بەشی موچەی ئەفسەر و کارمەندەکانی دەکات، بەڵام ناکرێت جیاکاریی لە نێوان فەرمانگەکاندا بکرێت و دەنگمان لەگەڵ دەنگی هەموو موچەخۆرانە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە، وەزارەتی دارایی عێراق ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردوە، بەڵام تا ئێستا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەڵێن، "٣٩٠ ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆیە موچە دابەشناکەین"