قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ زیاد بەتارسە، کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئۆردن کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئۆردنیان کرد لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت. جەختیشی کردەوە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتی ئۆردن کرا و هەردوولا بە گرنگیان زانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکانی وەک بازرگانی و کلتوری و پەروەردەیی و خوێندنی باڵادا پەرەی زیاتری پێ بدرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان کرا کە ئەو کۆمیسیۆنە دەتوانێت وەک پردێکی پەیوەندیی بەهێز لەنێوان هەرێم و ئۆردندا رۆڵ ببینێت