وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: زۆرینەی دۆسیەی کۆچبەران ئاڵنگاریی و دەستتێوەردانی سیاسیی تێدایە

  2024-03-21  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە، ئاستەنگیان لەبەردەمدایە بۆ گێرانەوەی ئاوارەکان چونکە زۆرینەی دۆسیەی کۆچبەران ئاڵنگاری و دەستتێوەردانی سیاسیی تێدایە.

ئیڤان جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: باسکردنیان لە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەدڵی هەندێک لایەن نییە، بەوپێیەی ئەو کامپانە لەڕووی دارایی و سیاسییەوە لەلایەن پارتی دیوکراتی کوردستانەوە ئیستیغلال دەکرێت، هەربۆیە لەڕووی سیاسییەوە ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە و لەڕێگای دەزگاکانی راگەیاندنیشەوە تۆمەت و چەواشەکاریی ئاڕاستەی کاری وەزرەتەکەیان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 24 کامپیان هەیە، کە بۆ ئیدارەدانیان پێویستیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەوپێیەی ئەو کامپانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانن و  بێ رەزامەندی یاسایی حکومەتی هەرێم ناتوانن بچنە ناو ئەو کامپانەوە.

بەوتەی ئەو، ئاوارەکانیان سەرپشک کردووە لەوەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئەسڵییەکانی خۆیان یاخود ناوچەیەکی تر دیاری بکەن کە حەز دەکەن تێیدا نیشتەجێ ببن، باسی لەوەشکردووە کە ئێزیدییەکان زۆرینەی کامپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.

پێشتریش وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە سەرجەم ناوچەکانی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرن و هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامی مانەوەی ئەو کامپانە نییە، جەختیشی کردبۆوە کە ئەگەر هاوکارییان بکرێت ئەوە دەتوانن لەماوەی مانگێکدا سەرجەم کامپەکان لە عێراقدا دابخەن.
 


ڕیکلام