نوری مالیکی بۆ سودانی: بردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران پشت بەژمارەی کورسی نابەستێت

  2024-03-23  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چاوەڕوان دەکرێت سودانی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات و نوری مالیکیش لەو بارەیەوە دەڵێت: بردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران پشت بەسازانی نێوان هێزە سیاسیەکان دەبەستێت نەک ژمارەی کورسی.

ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: سودانی بە نیازە لە داهاتوودا پڕۆژە سیاسیەکەی ڕابەگەیەنێت، هەرکاتێکیش ڕایگەیاند زۆرێک هەوڵدەدات بچێتە ناو لیستەیەکەەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی ئاسان بەدەستبهێنن، بەهۆی ئەوەی سودانی پیاوێکی پەسەندکراوە لەلایەن شەقامی عێراقیەوە.

لەبەرامبەردا نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەجۆرێک لەجۆرەکان دژی ئەوەیە سودانی ویلایەتی دوەم وەربگرێتەوەو رایگەیاندوە، مەرج نییە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی حکومەت هاوکاربێت بۆ بردنەوەی ویلایەتی دوەم، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سودانی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران پشت بەژمارەی کورسی نابەستێت کە لەپەرلەمانی داهاتوو بەدەستیدەهێنێت، تەنانەت ئەگەر بگاتە (٦٠) کورسیش، بەڵکو بەسازانی نێوان هێزە سیاسیەکان دەبێت.

لەبارەی یاسای هەڵبژاردنیشەوە کە دابەشبونی لەنێوان هێزە شیعیەکان دروستکردوە، مالیکی جەختیکردوەتەوە لەوەی،هەموارکردنی یاساکە بۆ فرەبازنەیی بەباشدەزانێت، ئەوەش مانای وایە بەئاشکرا دژی سودانی دەوەستێت، ئەگەر لەحاڵەتێکدا سودانی بەشداری هەڵبژاردن بکات کە پرسێکی چاوەڕوانکراوە، ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئەم یاسایەی ئێستایە کە کار بەیەک بازنە دەکات.


ڕیکلام