ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کۆدەبێتەوە

  2024-03-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک کۆببێتەوە و خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسایی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی بەعس بکرێت.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کۆدەبێتەوە.

گرنگرتین تەوەرەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، پێکھاتووە لە بەدواداچوون بۆ ھەندێک سکاڵای دەربارەی یاساییبوون یاخود نەبوونی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان.

یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسایی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی رژێمی بەعس.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، وا بڕیارەکە کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٠١:٠٠ـی دوانیوەڕۆ دەست پێببکات.
 


ڕیکلام