سێ وەزارەت دەدرێت بە حەلبوسی لە پێناو دەستبەرداربوونی پۆستەکەی

  2024-03-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت: پێشنیارکراوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بدرێتە کاندیدی ھاوبەشی ھاوپەیمانی سیادە و عەزم لە بەرامبەریشدا سێ پۆستی وەزیر بدرێتە حزبەکەی حەلبوسی.

موعین کازمی، ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە: کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تائێستا بەردەوامە و ھەردوو ھاوپەیمانی سیادە و عەزم دەیانەوێت ئەو پۆستە وەربگرن و حەلبوسیش دەستبەرداری پۆستەکە نابێت و گەیشتووەتە ئاستێک سەرجەم پەرلەمانتارانی کوتلەکەی بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردوە بۆئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی یەکێکیان دیاری بکات، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پێناو پاراستی یەکڕیزی سوننەکان ئەو ھەوڵەی حەلبوسی رەتکردووەتەوە.

کازمى وتیشی، لەئێستادا پێشنیازێک ھەیە و بریتییەوە لەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بدرێتە کاندیدی ھاوبەشی ھەردوو ھاوپەیمانی سیادە و عەزم لە بەرامبەریشدا سێ پۆستی وەزیر کە پشکی ئەو دوو ھاوپەیمانییەن بدرێنە حزبەکەی حەلبوسی و بەوەش چوار وەزیری دەبێت.

ڕۆژى ١٤ى تشرینى دووەمى ساڵى رابردوو، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەسەر سکاڵاى هەردوو پەرلەمانتار لەیس دلێمی و باسم خەشان کە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماریان کردبوو، محەمەد حەلبوسی سەرۆکى پەرلەمان لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.


ڕیکلام