بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کۆتایهات و راگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە .
دەقی راگەیەندراوەكە:
مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەنامەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی لەم بوارەدا بەرێوەچوو، بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی ھەموو لایەک بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، ھەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی ھەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوھەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم ھەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانیش ھەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی ھەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی ھاوڵاتیان بۆ مووچە و بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنھا و تەنھا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ ھەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤