ئینستاگرام داوای لێبوردن لە بێلا حەدید دەکات

  2020-07-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئینستاگرام داوای لێبوردن لە مۆدێلی جیهانی بێلا حەدید دەکات، کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە پاش بڵاوکردنەوەی وێنەی پاسپۆرتی باوکی .

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بێلا حەدید نمایشکاری جلوبەرگی جیهانی تەمەن ٢٣ ساڵ لە رێگەی هەژمارى تایبەتى خۆى  لە ئینستاگرام کە زیاتر لە ٣١ ملیۆن فۆلۆوەری هەیە، وێنەی پاسپۆرتی ئەمریکی باوکی محمد حەدید بڵاوکردەوە کە لە شوێنی لەدایکبوونەکەیدا نوسرابوو فەڵەستین .

بەڵام بێلا کە ناوی تەواوی ئیزابێلا خیر حەدیدە شۆک بوو بە لابردنی وێنەکە لەلایەن پێگەی ئینستاگرام بە پاساوی ئەوەی وێنەکە دژ بە یاساکانی بەکارهێنانی ئینستاگرامە .

بێلا رەخنەی لە لابردنی بڵاوکراوەکەی گرت و پرسیارێکی ئاراستەی ئینستاگرام کرد، "بە دیاریکراوی  چ بەشێکی شانازی کردنم بە باوکم و شوێنی لەدایکبوونی بە نایاسایی یاخود هەراسان کردن یان دیمەنی نەشیاوی سێکسی هەژمار دەکەن؟ "

دەڵێت، شانازی دەکات کە فەڵەستینییە و پێویستە لەسەر هەموو کەسێک وێنەی شوێنی لەدایکبوونی دایک و باوکیان بڵاوبکەنەوە و بیریان بهێننەوە شانازی دەکەن بە ئەسڵی خۆیان .

دووبارە بێلا وێنەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و لەسەری نوسیویەتی "شوێنی لەدایکبوونی باوکم ناتوانن میژوو بسڕنەوە "

هاوکات لاى خۆیەوە، باوکیشی هەمان وێنەی لە پەڕەی تایبەت بە خۆی بڵاوکردەوە .

وتەبێژی فەیسبووک داوای لێبوردنی سەبارەت بە ڕووداوەکە پێشکەشکردن و رایگەیاند، بۆ پاراستنی تایبەتمەندەکانی کۆمەڵگاکەیان رێگە نادەن بە بڵاکردنەوەی زانیاری کەسی وەک ژمارەی پاسپۆرت لە ئینستاگرام .

لە دۆخێکی وەک ئەمەدا کە ژمارەی پاسپۆرتەکە شاراوەیە بۆیە پێویست ناکات ئەو بڵاوکراوەیە لاببرێت، بڵاوکراوەکەیان بۆ بێلا گەراندەوە و بەهۆی ڕوودانی ئەو هەڵەیە داوای لێبوردنیان لێکرد.



ڕیکلام