سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی ٣٦ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، میللەتی کورد لە رابردوودا هەموو جۆرەکانی ئازار و نەهامەتیی چەشتووە
دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان :
ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەکی قووڵەوە یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەمان دەکەینەوە، سەری رێزمان بۆ رۆحی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاوی ورە و خۆڕاگری بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین.
ئەنفال تاوانێکی لەیادنەکراو و برینێکی قووڵە بە دڵی نیشتمانەوە، مەرامێک بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی میللەتێک کە بانگی ئازادیی دەدا و خەونی بە سەرفرازییەوە دەبینی. هاوکات پەندێکی مێژووییشە تاوەکو لەو راستییە تێبگەین جیاوازییەکانمان چەند زۆربن، کوردبوونمان پێش ھەمووشتێکە و چارەنووس و مانەوەمان بەندە بە یەکڕیزی و یەکگرتووییمانەوە.
میللەتی کورد لە رابردوودا هەموو جۆرەکانی ئازار و نەهامەتیی چەشتووە، ناکرێت ئەو مێژووە نادیدە بگیرێت و بە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسییەوە درێژە بە سیاسەت بدەین و بەها و ئامانجە باڵاکان بکەینە قوربانیی ململانێیەکی ناڕەوا و ناپێویست. بۆیە هیوادارم هەموومان کوردانە و بەرپرسیارانە کاربکەین و میللەتە ستەمدیدەکەمان بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەبکەین، میللەتێک کە هەموومان قەرزاری گیانفیدایی و قوربانیدانیانین.
دروود بۆ رۆحی شەهیدان و سەربەرزی و سەرفرازیی بۆ کەسوکاری خۆڕاگریان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان