ئەرشەد ساڵحی داوای دانانی پارێزگارێکی کاتی بۆ کەرکووک دەکات

  2024-07-31  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێشنیار دەكات، سەرۆكی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكانی عێراق كە لە پێكهاتەی عەرەبە، بەشێوەیەكی كاتی بكرێتە پارێزگاری كەركوك تا لانیكەم ئیمزا لەسەر نوسراوەكانی موچەی فەرمانبەرانی دیوان و ئەنجومەنی پارێزگاكە بكات.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی باڵای نێوان پارێزگاکان ڕاسپێرێت بۆ ڕاییکردنی کاروباریی دارایی فەرمانبەرانی پارێزگای کەرکووک.

ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بەوە کردووە "بەهۆی پێک نەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، کێشە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دروست بووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و دروستبوونی کێشەی دارایی و کارگێڕیی لە پارێزگای کەرکووک، دەبێت هاندەرێک بێت بۆ ئەوەی لایەنەکان پەلە بکەن لە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک".