ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری عێراق و ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێم

  2024-09-08  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری عێراق و ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێم كۆتایی هات و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکومەتی هەرێمی کوردستان ، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر ، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەگەر خواست و ویستی چارە هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.

وتیشی، کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور . وتیشی: هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکانە.

دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا دەربارەی چارەکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت .