رۆژنامەی (العرب) وردەکاری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێت، "مەترسی هەیە یەکێتی مەرجی قورس بۆ بەشداریکردن لە حکومەت دابنێت".
رۆژنامەی (العرب) لە بڵاوکراوەیەکیدا زانیاری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و حکومەتی نوێی هەرێم بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت : هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ئەنجامدانی هەرڵبژاردن، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسازی تردایە، کە خۆی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا دەبینێتەوە، لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەسەر رکابەرە راستەوخۆکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو سەقامگیری و تەنانەت یەکێتی هەرێمیشی پێوەبەندە.
قورسی پرۆسەکە لەوەدایە بەشداری هەردوو حزب لە حکومەت گرنگە، بەبێ لەچاوگرتنی ئەگەر هاوپەیمانی حزبی سەرکەوتوو لەگەڵ هێزی تر کە کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، بۆ بەدیهێنانی نیسابی نیوە کۆ یەک، کە پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
حکومەتێک یەکێتی بەشداری تیادا نەکات ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمدا هەبێت، بەدیاریکراویش سلێمانی و هەڵەبجە، کە یەکێتی تیادا باڵادەستە و خاوەنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی تایبەت بەخۆیەتی.
نێوندە سیاسیە عێراقیەکان ترسی ئەوەیان هەیە حزبەکەی تاڵەبانی رقەبەرایەتی بکات و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێم ئاڵۆزبکات، بە بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانی و پێشکەشەکردنی مەرجی قورس بۆ بەشداریکردن لە حکومەت.
ترسی دەستوەردانی دەرکیشیان هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، کە خۆی لە حزب و گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران و دەسەڵاتدار لە دەوڵەتی عێراقدا دەبینێتەوە، کە پاڵپشتیەکی بەهێزی یەکێتیان کرد بە ئومێدی گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە هەرێمی کوردستان.
رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی پێشبینی دەکات، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کاتێکی زۆری پێبچێت و دۆخێکی نوێ بسەپێنێت.
راشیگەیاندووە: زمانی هەردوو حزبە سەرەکییەکە لە هەڵمەتی ھەڵبژاردندا زۆر توندبوو، ئەگەر دۆخەکە هەرواش بمێنێتەوە مانای وایە پارتی بەدوای هێزی تردا دەگەڕێت بۆ هاوپەیمانیکردن لەگەڵی لەبری یەکێتی.
هۆشداریشداوە لەوەی، ئەگەر ئەوە روبدات، مەترسی فروانبونی درزی نێوان هەولێرو سلێمانی سەرهەڵدەدات، کە دەبێتە هۆی لەتبون و پارچەبوونی یەکێتی ئیدارەی هەرێم، ئەوەش پێگەیهەرێم لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەو تەنانەت نێودەوڵەتیش لاوازدەکات.