وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە ئەنجامدانی پرۆسەی تەوتین لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەڵێت، "پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی دەست بە پرۆسەی تەوتین کراوە."
لە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی کراوە هاتووە، لە ٢ی ئابی ٢٠٢٣، پرۆژەی هەژماری من لەلایەن سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و جێگر و هەموو وەزیرەکان، وەکو پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کارکردن بە سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرا.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەڵام ئێستا لە ھەندێک دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە پێچەوانەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران دەست بە پرۆسەیەکی دیکە کراوە بە ناوی (تەوتین).
دەشڵێت، شایەنی باسە، ئەم پڕۆسەیە لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، کە تاکە لایەنی فەرمی رێکخستنی لیست و شێوازی دابەشکردنی مووچە کەرتی گشتییە.