وەزیری تەندروستی هۆکاری زۆری رێژەی سکچون لە شارەزوور ئاشکرا دەکاتە و دەڵێت، بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆوە 1650کەس تووشی سکچوون و رشانەوەبوون
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، لەدەڤەری شارەزوور، 1650کەس بەهۆی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا، "تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێ کرد هەم لە نەخۆشخانەکان و هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، هەروەها پشکینەکان ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری بەکتریاکە".
وەزیری تەندروستی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەوەشی ئاشکراکرد، "ئەوەی لە هەڵەبجەی تازە ڕوویداوە، ئێمە بۆچوونەکانمان ڕاست دەرچوو، کە یەکێک لە هۆکارەکان، تێکەڵ بوونی ئاوی مەزراکان (ئاوەڕۆ) بووە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە، لە سەر ڕووباری (بێستان سوور)، کە پرۆژەی ئاوی پاک دابین دەکات".
باسی لەوەشکرد، "رووداوەکە بەھۆی لیکەوە بووە، کە بەهۆی لافاوی چەند ڕۆژی رابردوو ڕوویداوە، هەروەها ڕێژەی کلۆریشی کەم تێکراوە، بۆیە ئێمە بەدواداچوون دەکەین".
سامان بەرزنجی، لەبارەی حاڵەتەکانەوە ئەوەی وت، کە جێگای خۆشحاڵییە باری سوک و مامناوەند هەبووە، هیچ حاڵەتێکی قورس نەبووە، تەنیا یەک منداڵ گوستراوەتەوە سلێمانی، تووشبووەکانیش لەتەمەنە جیاوازەکان بوون و بەشی زۆریشیان چوونەتە ماڵەوە.