پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێ ئەنجام دەدات

  2024-11-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق پەسەندکراو رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا

دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەر ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نوسراوی فەرمی پەسەندکردنی ئەنجامەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات و لە سبەینێوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ماوەی (١٠) رۆژ مۆڵەتی یاسایی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بانگهێشتی پەرلەمانی نوێی کوردستان بکات بۆ سازدانی یەکەم دانیشتن

ئەگەر هاتوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمنتارە نوێیەکانی نەکرد بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوە، ئەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە رۆژی یانزەیەمدا پەرلەمان دەتوانێت یەکەم دانیشتنی خۆی سازبدات. 

لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دەکات،  بەگوێرەی یاسای بەرکار دەبێت لەم دانیشتنەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ جۆرە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەنێوان پارتی و یەکێتییدا نییە وەکو براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن، بۆیە پیشبینی دەکرێت دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بە (کراوەیی) بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.

دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، یەکەم کاری پەرلەمانی نوێ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت، دوای هەڵبژاردنی، سەرۆکی نوێی هەرێم بە نوسراوێک داوا لە پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران (ناوبنێت)، بە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، ئیتر دەبێت کاندیدەکە لیستی ناوی کاندیدی وەزارەتەکان رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی کابینەکەی متمانە وەربگرێت.