بەهۆی پشوەکانی سەری ساڵەوە دابەشکردنی پارەی بژمێرەکانی پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت، چاوەڕوان دەکرێت دوای دەستپێکردنەوەی دەوام دابەشدەکرێت
مەحمود عوسمان بەرێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: چاوەڕوان بووین بەر لە پشووەکانی سەری ساڵ پارەی بژمێرەکان دابەشبکرێت، بەڵام لە ٢٥ـی ئەم مانگەوە لە هەرێمی کوردستان پشوو راگەیەندراوە و ئەمەش کاریگەری هەبووە، چونکە رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان ئەلیکترۆنییە و لە هەرێمی کوردستان دەوامی بانکەکان نییە.
ئاماژەی بەوەشداوە: ٢٧ هەزار بژمێر و مامۆستا و بەڕێوەبەر مافی وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دیناریان بۆهەر مانگێکی کارکردن هەیە، لیستی ناوی بژمێرەکان ئامادەکراوە و سەرجەم رێکارەکانی وردبینیکردن کۆتاییان هاتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بەشێوەی کردەیی دەستیپێکرد و بە سێ قۆناغ بەڕێوەچوو لە ١٤ـی کانوونی یەکەم کۆتایی هات، ١٢٠ هەزار بژمێر بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.