پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڕەشە لە تەیف سامی دەکەن

  2025-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیاری ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانی لێکەوتوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە هەڕەشە لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکەن و دەڵێن، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین

ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە عێراق ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە دەڵێن: نابێت بێ رادەستکردنی نەوت، ھیچ پارەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، ئەگەرنا لەسەر ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارانەی ئاماژەیان بەوەشکردوە: دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک ھەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی ٣٩٩ ملیاری لە داھاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی ٩٠ ھەزار بەرمیل نەوت بۆ ٦ مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا.

دەشڵێن:  سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی ھەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی ناودەبەن.