وەزارەتی نەوتی عێراق: مانگی رابردوو داهاتی نەوت نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە

  2020-07-24  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق و داهاتی مانگی رابردووی ئاشكرا كرد كە نزیكەی سێ ملیار دۆلار بووە لە ئەنجامی هەناردەی 84 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشتبەستن بە داتاكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ ئەمڕۆ هەینی ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی لە مانگی رابردوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند لەو مانگەدا بڕی 84 ملیۆن و 489 هەزار و 16 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە كە داهاتەكەی دوو ملیار و 871 ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتەكە روونیشیكردووەتەوە لەو ماوەیەدا لەرێگەی كەركوكەوە سێ ملیۆن و 482 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە كە داهاتەكەی 130 ملیۆن و 635 هەزار دۆلار بووە. 

تێكرای نرخی نەوتیش لەو مانگەدا بۆ هەر بەرمیلێك (31.984) دۆلار خەمڵێندراوەكە، داهاتی نەوتیش بەراورد بە مانگی پێشتر نزیك لە یەكترەوە. 


ڕیکلام