سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەشداریکردنی لە داڕشتنی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا ناکەین چونکە، ناتوانین دانوستان لەگەڵ ئەوانە بکەین کە دان بە یاسادا نانێن
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، لەبارەی بەشداریکردنی لە داڕشتنی دەستورێکی نوێ بۆ تورکیا وتی: ناتوانین دانوستان لەگەڵ ئەوانە بکەین کە دان بە یاسادا نانێن، بەڵکو دەبێت لە دژیان تێبکۆشین.
ئەم پەیامەی سەرۆکی جەهەپە دوای ئەوەدێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکۆماری تورکیا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئاماژەی بەوەکرد: تورکیا پێویستی بە دەستورێکی نوێی مەدەنی لیبڕاڵی دیموکراسی هەیە، داوای لە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) کرد بەشداری هەوڵەکانی داڕشتنی ئەو دەستورە بکات.
دوای قسەکانی ئەردۆغان، سەرۆکی جەهەپە، رایگەیاند: با سەرەتا تورکیا بگەڕێننەوە بۆ دۆخێکی ئاسایی و شیاوی دانوستان بێت، پاشان پابەندبن بە تەواوی بڕیارەکانی دادگای دەستوری و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.
هاوکات لەسەر قسەکانی ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی ھاوپەیمانی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرست مەھەپە، باسی لەوەکرد: راستییەکی مێژویی حاشا هەڵنەگرە کە کۆماری تورکیا و نەتەوەی تورکیا زۆر پێویستیان بە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە، کە نەخشە رێگای سەدەی نوێ دادەڕێژێت، سەرۆکێک کە گرنگی بە وڵاتەکەی و میللەتەکەی بدات، مافی ئەوەی نییە پاشەکشە بکات لە رێبازەکەی.
باخچەلی لە درێژەی پەیامەکەیدا لەسەر قسەکانی سەرۆکی تورکیا هێمای بۆ ئەوەکردوە: ئامانجی دەستوری نوێ کردنەوەی دەرگا دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆک کۆمار، چونکە دەستوری ئێستا رێگەی پێنادات خۆی کاندید بکات، بەهۆی تەواوبونی مافی خۆکاندیدکردنی، کە بە پێی دەستور تەنها بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی سنوردار کراوە.