ترەمپ گەشتی هاوڵاتیانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد

  2025-06-05  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری قەدەغە کردنی هاتنی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ناو ئەمریکا قەدەغە کرد و دەڵێت، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ هۆکاری بڕیارەکەم بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ وای کرد بیر بکەمەوە لە مەترسی هاتنە ناوەوەی ئەو هەموو هاووڵاتییە بیانیە بەبێ سانسۆر و پشکنین.

هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند، تڕەمپ فەرمانی قەدەغەکردنی گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ناو ئەمریکا واژۆ کرد.

سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی گەشتیان لێ قەدەغە کراوە " ئێران، کۆماری کۆنگۆ، ئێریتریا، گینیا، بۆرما، سۆماڵ، سوودان، لیبیا، هایتی، ئەفغانستان، چاد و یەمەن"ـیش دەگرێتەوە.

هەروەها سەرۆکایەتی ئەمەریکا راشیگەیاند، حەوت وڵاتیدیکە سەفەرکردن وهاتووچۆکردنی بەردەوامی لێ سنوردار کردون، "تورکمانستان، بورۆندی، سیرالیۆن، کوبا، لائۆس ، تۆگۆ و ڤەنزوێلا" ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا.

سەرۆکایەتی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم بڕیارە لە 9ـی حوزەیرانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.


ڕیکلام