حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی هەولێر و بەغـدای پەسەند کرد

  13   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەدوای سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی نوێ لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتە کایەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەنی دەربڕی لەسەر ئەو لەیەکترتێەیشتنە هاوبەشەی لنێوان هەردوو حکومەت دروست بووە

دەقی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان :

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .

سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.


ڕیکلام