ئاژانسی فەرمی سوریا "سانا" لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، جەختكردنەوەی بەردەوام لەسەر یەكێتیی سوریا پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو واقعەی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا هەیە، كە دامەزراوەی ئیداری و ئەمنیی و سەربازیی لە دەرەوە دەوڵەت تێدایە و بەشێوەیەكی جیا بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش لەبری چارەسەركردن، بەردەوامی بە دابەشبوون دەدات.
ئاماژە بەوەشدەکات، قسەكردن لەبارەی یەكخستنی دامەزراوەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت، تەنیا لە چوارچێوەی لێدوانی تیۆریدا ماوەتەوە، بەبێ هەنگاوی جێبەكردن یاخود خشتەی زەمەنیی روون، ئەمەش گومان دروست دەكات لەبارەی جدیەتی پابەندبوون بە رێككەوتنی 10ی ئازارەوە.
باسی لەوەشکرد، سەرباری ئەوەی سەركردایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەردەوام ئاماژە بە بەردەوامی دیالۆگ دەكەن لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، ئەو وتووێژانە هیچ ئەنجامێكی بەرجەستەیان نەبووەو، پێدەچێت ئەم گوتارە بۆ مەبەستی میدیایی و هەڵمژینی فشارە سیاسییەكان بەكاربهێنرێت، لەناو چەقبەستوویی و نەبوونی ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ جێبەجێكردن.
ئەو سەرچاوەی ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانی بەردەوامی سەركردایەتی (هەسەدە) لەبارەی ئەوەی نەوت موڵكی هەموو سورییەكانە هیچ رەوایەتییەكی نییە تاوەكو نەوت لەلایەن دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە بەڕێوەنەبرێت و داهاتەكەی نەچێتە ناو بودجەی گشتییەوە، قسەكردن لەبارەی لێكنزیكبوونەوەی تێڕوانییەكان هیچ بەهایەكی بەرجەستەی نابێت تاوەكو وەرنەگێڕدرێت بۆ رێككەوتنی فەرمی روون بە میكانیزمی جێیبەجێكردنی خشتەكراوی زەمەنیی.