حکومەتی ئەڵمانیا لە یەکەمین گەشتی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران لەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێرانی ئەنجامدا، زیاتر لە ٣٠ پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراقی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هامبۆرگەوە ڕەوانەی بەغداد کردەوە.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند: زیاتر لە ٣٠ کۆچبەر کە ژمارەیەکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیاوە بە زۆرەملێ دیپۆرتی فڕۆکەخانەی بەغداد کراونەتەوە و گەشتەکانی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق بەردەوامییان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە، ئەو پەنابەرانەن کە پێشتر داواکاریی مافی پەنابەرییان لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ڕەتکراوەتەوە.
باسی لەوشکرد: وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە دوای ساڵی ٢٠١٦وە ڕێکارەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان توندکردووەتەوەو زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لەو ماوەیەدا گەیشتوونەتە ئەورووپا، داواکارییەکانیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنراو ڕەتکراوەتەوە.