مۆسکۆ: بەڵگەی بەئامانجگرتنی پوتن دەدەینە ئەمریکا

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، توانیویانە نهێنییەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی ئاشکرا بکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا خراوەتە خوارەوە، داتاکان دەریدەخەن ئامانجی فڕۆکەکە شوێنی مانەوەی سەرۆکی روسیا بووە و بەڵگەکانیش دەدەنە ئەمریکا.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی کردنەوەی کۆدی داتاکانی ئاراستەکردن (Data Decryption) دەریدەخات کە ئامانجی کۆتایی هێرشە ئۆکراینییەکە لە 29ـی کانونی یەکەمی 2025، دامەزراوەیەک بووە لە شوێنی مانەوەی سەرۆکایەتی لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد.

مۆسکۆ جەختی لەوە کردۆتەوە، ئەو بەڵگانە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکان رادەستی لایەنی ئەمریکی دەکەن. پێشتریش مۆسکۆ هۆشداریدابوو کە بەهۆی ئەم رووداوەوە چاوخشاندنەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

رۆژی دووشەممە، مۆسکۆ تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ کیێڤ کە بە 91 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر هەوڵی بەئامانجگرتنی شوێنی مانەوەی ڤلادیمێر پوتنی داوە لە باکوری روسیا.


ڕیکلام