جارێکی دیکە گفتوگۆکانی ئیدارەی خۆسەر و دیمەش بۆ جێبەجێکرنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار دەستپێدەکاتەوە، وتەبێژی شاندنی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، "لایەنی ئەمریکی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکات لەسەر داوای ئەحمەد شەرع".
یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق دەڵێت: بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار دەستپێبکات، دەشڵێت: لایەنی ئەمریکی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکات لەسەر داوای ئەحمەد شەرع.
ئاماژەی بەوەشداوە: پابەندین بە سەروەری دەوڵەتی سوریاو چالاککردنی دامەزراوە سەروەرییەکان لە ناوچەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.
وتیشی: سوریا تەنیا بەرگەی یەک سوپایە دەگرێت کە پێکهاتەی هەمەچەشنی هەبێت، رەنگە ئەفسەری زۆر لە وەزارەتی بەرگری سوریا ببینین ئەوەش بەپێی ئەو لێکگەیشتنانەی پێی گەیشتووین.
سەبارەت بە پرسی سامانە سروشتییەکانیش، لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات، وتی: بۆ هەموو سورییەکان بەردەست دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە، بەشێک لە داهاتەکانیشی بۆ ئەو ناوچانە تەرخان دەکرێت کە لێی دەردەهێنرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکی زۆر لەگەڵ تورکیا هەیە، جەختی لەسەر خواستی خۆیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە لە رێگەی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە.