باڵیۆز جێفری: زۆر بە ڕوونی بە کوردمان گوتووە پەیوەندی نێوانمان کاتی و تاکتیکییە

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترامپ ڕەتیکردەوە هەڵوێستی نوێی ئەمەریکا بۆ سوریا "خیانەت" بێت لە کورد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا هەمیشە و بە ڕوونی بە دەستەڵاتدارانی کوردیان گوتووە پەیوەندی نێوانیان کاتی و تاکتیکیـیە.

جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە"هەر لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماوە، ئێمە هەرگیز بە کوردمان نەوتووە کە بە تێپەڕبوونی کات پشتگیری لە هەرێمێکی کوردی دەکەین یاخود بە هێزی سەربازییەوە بەرگری لێدەکەین بەرامبەر هیچ لایەنێک جگە لە داعش و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی کە بریتی بوون لە ڕووسەکان و ئێرانییەکان. بەڵام هەرگیز نەمانگوتووە بەرگرییان لێدەکەین دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یان حکومەتی نوێی سوریا. بەڵکو پێمان وتن کە پەیوەندییەکەمان کاتی و تاکتیکی و سەودای بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ لەناوبردنی داعش."

وتیشی، "ئێمە هەرگیز خۆمان پابەند نەکردووە بە بەرگریکردن لە کورد دژی هیچ هێزێک جگە لە داعش و ڕژێمی ئەسەد".

نێردەکەی پێشووی ئەمەریکا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا لە دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، "زۆر چالاک" لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ سوریایـیەکان و تورکەکان بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە کورد. "پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆ هەبووە لە نێوان سەرۆکەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کورد قەتڵ و عام نەکرێت و هێزەکان نەچنە ناوچە کوردییەکانی حەسەکە. بارودۆخەکە ئێستا بەردەوامە بەڵام ئەمە ئاڕاستەی کاری ئەمەریکا بووە."


ڕیکلام