تورکیا موسوڵمانە ئۆیغوریەکان رادەستی چین دەکاتەوە

  2020-07-27  | 
ئەنکەرە
موسوڵمانێکی ئۆیغور کە لە تورکیا دەستبەسەرکراوە
فۆتۆ: ماڵپەڕی تەلەگراف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تورکیا هاوکاری چین دەکات لە رادەستکردنەوەی ئەو موسوڵمانە ئۆیغوریانەی وەک پەنابەر روویان لەو وڵاتە کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تەلەگرافی بەریتانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هاوکاری چین دەکات، ئەو موسوڵمانە ئۆیغوریانەی وەک پەنابەر روویان لە تورکیا کردووە، بگەڕێنیتەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئەوەش لە رێگەی وڵاتێکی سێهەم، بەشیوەیەک کە سەرەتا دەنیردرێنە وڵاتێکی درواسێی تورکیا و دواتر لەوێوە رەوانەی چین دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ئەنکەرە تاوانبار دەرنەچێت.



لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٥٠ هەزار پەنابەری ئۆیغور لە کەمپەکانی تورکیا نیشتەجێبن، وڵاتێک کە لەچەند ساڵی رابردوودا خۆی بە بەهەشتێکی ئارام بۆ ئۆیغوریەکان لەقەڵەمدەدات و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش کەڵکی لەو بابەتە وەرگرتووە بۆ ئەوی بڵێت کە پارێزەی سەرجەم موسوڵمانانی جیهانە.

تەلەگراف ژمارەیەک لە پەنابەرە ئۆیغورییەکانی تورکیا دواندووە و هەموویان دەترسن کە رادەستی چین بکرێنەوە.



ئیسماعیل چەنگیز چالاکوانێکی ئۆیغور لە تورکیا دەڵێت، پرسی رادەستکردنەوەی ئێمە بە چین مەترسیدارە و پلانێکی سیستماتیکە، بەو کارە چین دەیهەوێ بڵێت، لە هەر شوێنێک بن، دەستمان  پێتاندەگات.

بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، هۆکاری ئەو کارەی تورکیا بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، یەکەم تورکیا کە لەئێستادا تووشی قەیرانی ئابوری بووە و سەربەخۆیی ئابوری لەدەستداوە، ناچارە لەو رێگەیەوە دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بدۆزێتەوە و پەیوەندییەکی بازرگانی پتەو لەگەڵ چین دروستبکات.

دووەم، تورکیا کە لەکاتی شەڕی ناوخۆیی سوریا بەوە تۆمەتبار دەکرا، لەبەرامبەر گروپە چەکدارە توندڕەوەکاندا نەرمی نواندووە و سنورەکانی بەڕوویاندا  کردووەتەوە بۆئەوەی بچنە سوریا، دیهەوێ لەو ڕێگەیەوە ئەو تۆمەتانە رەتبکاتەوە و پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، ماڵپەڕی تەلەگرافی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە کە سەبارەت بەو پرسە پەیوەندیان بە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە کردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدراوەتەوە.



ڕیکلام