سۆرانی  |  بادینی  |  English      

عێراق دەروازەیەكی سنوری لەگەڵ ئێراندا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دادەخات

  2020-07-28  | 
دەروازەی سنوری شەلامجە لەگەڵ ئێراندا لە باشووری عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە داخستنی دەروازەی شەلامجەی سنوری وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی 10 رٍۆژ .

ئاژانسی هەواڵی ئێران لە زاری سەید عەلی موسەوی یاریدەدەری سەرۆكی ناوچەی ئەروەندی ئابوری لە پارێزگای خوزستان بڵاویكردەوە، لە یەكەم ڕۆژی جەژنەوە تا 10 ڕۆژ هەموو هاتوچۆ و جوڵەیەكی بازرگانی لەدەروازەی شەلامجەی سنوری رادەگیرێت .

موسەوی ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی ئەو ئاگاداركردنەوەیەی كە لایەنی عێراقی پێی گەیاندوون، دەروازەكە لە ئێوارەی رٍۆژی پێنجشەممەی داهاتوەوە دادەخرێت و هەموو جموجوڵێكی بازرگانی تیا ڕادەگیرێت .

داواشی لە بازرگان و سەرمایەدارەكان كرد، ئەوانەی دەروازەی شەلامجە بەكاردەهێنن، رووبكەنە دەروازە سنورییەكانی دیكە، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات .

دەروازەی شەلامجەی سنوری دەكەوێتە دوور 15 كیلۆمەتری شاری خوڕەمشەهیری سەر بە پارێزگای خوزستان و لە بەشی عێراقیشەوە دەكەوێتە باشوری پارێزگای بەسرەوە، كە ماوەی چوار ڕۆژە بە فەرمانی كازمی هێزێكی ئەمنی تایبەت سەرپەرشی دەكات .