کازمی: لەحوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت

  2020-07-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق شەشی حوزەیرانی 2021ی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

کازمی لە وتەیەکی تەلەفزیۆندا کە ئەمشەو پێشکەشی عێراقییەکانی کرد، وتی "لەیەکەم ڕۆژەوە لیژنەی لابردنی بەربەستەکانمان پێکهێناوە لەبەردەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا".

مستەفا کازمی داواشی لە پەرلەمان ی عێراق کرد پەلە بکەن لە تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان.

بەڵێنی ئەوەشیدا کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی ئەتۆ ئەنجام بدەن، کە پەلەمانێکی لێ بکەوێتەوە دەربڕی ئیرادەی گەل و خواستنەکانی بێت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی بەڵێنیدا بە پاراستنی هەموو هێزە سیاسییەکان ڕکابەرەکان لە هەڵبژاردنەکاندا و ئاماژەی بەوەشکرد، ئیرادەی گەلی عێراق ئاراستەی عێراق دەگۆڕێت و هەموو کاریگەرییەکانی چەند ساڵی شەڕ و ململانێکان  ناهێڵێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی بێوچانیان داوە بۆ کاکردن لەسەر کارنامەی هەمەلایەنەی چاکسازی ، کە دەتوانرێت لەڕێگەیەوە سەرلەنوێ ئابوری عێرا ق زیندووبکرێتەوە و چارەسەری قەیرانەکان بکرێت.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێ ئەوەی ناویان بەرێت، چەند لایەنێکی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت عێراق لە خوێندا نقوم بکەن



ڕیکلام