نەتەوە یەکگرتووەکان: هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق داواکاری شەقامە

  2020-07-31  | 
جێنین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆعێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی داواکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق، چونکە هەڵبژاردنی متمانەپێکراو گرنگییەکی زۆری هەیە.

لەڕاگەیەندراوێکدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (یۆنامی) لە عێراق کە دوای بەدوای وتە تەلەفزیۆنییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە،هەڵبژاردنی پێشوەختە کلیلی داواکارییەکانی شەقامە لە هەنگاونان بەرەو ئارامی و دیموکراسیی تۆکمەتر لە عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ڕاوێژی تەکنیکی گەر لەلایەن عێراقەوە داوا بکرێت لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و متمانەدار کە بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت .

لەوبارەوە جێنین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆعێراق وتی "هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد و متمانەدار و گشتگیر، کە بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام بدرێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسیی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و متمانەی گشتیش دروست بکات و دەنگ بۆ خەڵک دابین بکات و ئاواتەکانیشیان بۆ نوێنەرایەتییەكی باشتر بهێنێتەدی" .

پلاسخارت وتیشی"ئەمە ئەرکی حکومەت و پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەنددارەکانی ترە کە هاوبەشانە و بەیەکەوە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد و متمانەدار دەستەبەر بکەن لە کەشێکی گونجاوی وەهادا، کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە ."

لە بەشێکی تری وتەکانی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکا بۆ عێرا ق جەختیکردەوە"ئێمە دڵنیاین کە هەموو پارتە سیاسییەکان حەز دەکەن ئەوە ببینن کە عێراق هەموو قەیرانەکانی تێپەڕاندووە و گەشەی کردووە. هەروەک هەموو جارێکیش، ئەم هەڵبژاردنانە هەم عێراق خۆی ئەنجامی دەدات و هەمیش هەر خۆی خاوەندارییەتی دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان، بەگوێرەی ئەرکە پێسپێردراوەکەی، تەنها ئەو راوێژ و هاوکارییە تەکنیکییانە پێشکەش دەکات کە لە لایەن عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە داوا دەکرێن ."

ئەو پشتیوانییەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دوای ئەوە هات، کە ئەمشەو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ی دیاریکرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.



ڕیکلام