یەکێتی: پێویستە كەیسی ئێزدییەكان وەك تاوانی جینۆساید بناسرێت

  2020-08-02  | 
سلێمانی
لۆگۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە كەیسی جینۆسادی ئێزدییەكان، لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڕەسمی وەك تاوانی جینۆساید و دژی مرۆیی و جەنگ بناسرێت و ئەنجامدەرانی تاوانەكەش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

لەساڵیادی جینوسایدی كوردانی ئێزدی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێشتا بەشێكی زۆری تاوانبارانی ئەم كەیسە دەستگیرنەكراون و رووبەرووی یاسا نەكراونەتەوە و تاوانەكەیش وەك كەیسی جینۆساید لە ئاستی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتیدا، كاری جددی لەسەر نەكراوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە لە ھەرێمی كوردستان، لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوە پەیوەندارەكانی تر، لە ئاستی حزب و لایەنە سیاسیەكان و نوێنەرانی فراکسێۆنەکانی كوردستان لە بەغدا، كەیسی جینۆسادی ئێزدییەكان، بكرێتە خەمێكی ئینسانی و نیشتمانی  و نەتەوەیی  و هەوڵی بێوچان  بدرێت، لەبەر رۆشنایی یاسا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڕەسمی وەك تاوانی جینۆسایدو دژی مرۆیی و جەنگ بناسرێن، ئەنجامدەرانی تاوانەكەش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان بكرێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی، لایەن و دامەزراوە پەیوەندارەكانیشە، بێ درێغ هەوڵبدەن سۆراغی بێسەروشوێنكراوەكان بكەن و چارەنووسیان یەكلایی بكەنەوە، گۆڕەبەكۆمەڵەكان هەڵبدرێنەوە و بەڵگەنامەكان بپارێزرێن، ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش ئاوەدان بكرێنەوە و گوزەرانی خەڵكەكەی باش بكرێت. 

دەقی پەیامەکەی مەكتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان:

پەیامی   مەكتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بیرەوەری خەمناکی جینوسایدی كوردانی ئێزدیدا

لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر،  تیرۆرستانی رێکخراوی نەفرەت لێکراوی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماری خەڵکی شەنگالیاندا و  تاوانی گەورەی قەتلوعامیان دژی  کۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی ئێزدی بەرپا کرد .

لەو تاوانە دژە  نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییەدا كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی كۆمەڵكوژ و بە هەزارانی تریش بێسەروشوێن كران ، بە شێوەی تاوانی رێکخراوەیی ، ھۆڤانە و دڕندانەی کۆنینە و نوێ،  ژنان و پیاوانی ئێزدی  لێکجیاکرانەوە،  بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستویەکدا ، بازاڕی کۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان  پێ زیندووکرایەوە .

ژنانی سەربەرز و رووسوری  ئێزدیش ، سەرقافلەی زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە بوون .

ئێزدییەکان بەهۆی بنەچەی  ئاینی  و نەتەوەییانەوە ، لە مێژووی دوور و  نزیكی ئەم رۆژھەڵاتەماندا ، دەیان جار رووبەرووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو  تاوانانەوە، عەقلیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرەستانە هەبووە، بەڵام کۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە  توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەکی کوردستانی و عێراقی و ئینسانییە  کار و کۆششیان بۆ بکرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی  دژیان سەربکەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەکەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داھاتوومان .

لەیادی تێپەربوونی (6) ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا جارێكی تر ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەم لەکە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەکان   دەكەینەوە ، سەری رێز لە ئاستی  گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆراگری بۆ  كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین .

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی ...

لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، لەلایەن ھێزی  پێشمەرگە و سوپای  عێراق،  بەیارمەتی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانەوە رووبەرووی شكستی گەورە بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری تاوانبارانی ئەم كەیسە دەستگیرنەكراون و رووبەرووی یاسا نەكراونەتەوەو تاوانەكەیش وەك كەیسی جینۆساید لە ئاستی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتیدا، كاری جددی لەسەر نەكراوە، هێشتا ئەو عەقلیەتەی هاندەری تاوانی لەم شێوەیەیە  ، وەكو خۆیەتی و ڕەنگە لەبەرگی تردا خۆی مەڵاس  دابێت و بخوازێت فەزای ژیان و ئایندەی کۆمەڵگەی فرەیی و رەنگینی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئالودە بکەنەوە، بۆیە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختدەكەینەوە، كە پێویستە لە ھەرێمی كوردستان، لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوە پەیوەندارەكانی تر، لە ئاستی حزب و لایەنە سیاسیەكان و نوێنەرانی فراکسێۆنەکانی كوردستان لە بەغدا، كەیسی جینۆسادی ئێزدییەكان، بكرێتە خەمێكی ئینسانی و نیشتمانی  و نەتەوەیی  و هەوڵی بێوچان  بدرێت، لەبەر رۆشنایی یاسا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڕەسمی وەك تاوانی جینۆسایدو دژی مرۆیی و جەنگ بناسرێن، ئەنجامدەرانی تاوانەكەش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان بكرێتەوە .

ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی، لایەن و دامەزراوە پەیوەندارەكانیشە، بێ درێغ هەوڵبدەن سۆراغی بێسەروشوێنكراوەكان بكەن و چارەنووسیان یەكلایی بكەنەوە، گۆڕەبەكۆمەڵەكان هەڵبدرێنەوە و بەڵگەنامەكان بپارێزرێن، ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش ئاوەدان بكرێنەوە و گوزەرانی خەڵكەكەی باش بكرێت

لەم بیرەوەرییە تاڵەدا ، سڵاو لە گڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان ...

نەفرەت  لە تاوانكاران و تیرۆریستان ...

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



ڕیکلام