وەزارەتی بەرگری توركیا: بۆردوومانەكەی شارباژێر حەوت گەریلای پەكەكەی كردبووە ئامانج

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بەرگری توركیا لەبارەی بۆردوومانەكەی ئەمڕۆی شارباژێر رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند حەوت گەریلای پەكەكەیان كردووەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری توركیا لە هەژماری خۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی كاری هێزەكانی سوپای توركیا و بە هاوكاری هەواڵگری نەتەوەیی (میت) حەوت گەریلای پەكەكە لە هەرێمی ئاسۆسی باكوری عێراق دیاریكران و كرانە ئامانج. 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی فرۆكەكانی توركیا لە دوو كاتی جیاوازدا، بۆردوومانی سنوری گوندی قامیشیان لە قەزای ماوەت كرد و بەهۆیەوە ئاگرێكی فراوانیش لە ناوچەكە كەوتەوە. 

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری توركیا ئەو گەریلایانە بە هێرشی ئاسمانی كراونەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوە نەكردووە گەریلاكان شەهید بوبن. 

پێشتریش لە رۆژی 4ی ئەم مانگە فڕۆكەكانی توركیا دووجار سنوری گوندی گەڵاڵەیان لەو قەزایە بۆردوومانكرد بەڵام هیچ لایەنێكی شەڕەكە ئاماژەیان بەوە نەكرد كە گەریلا شەهید بووبێت. 

ئەمڕۆش فرۆكەكانی توركیا لە ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ بۆردمانی چەند ناوچەیەكیان كرد بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لەو بۆدرومانە نەكەوتەوە، جارێكی دیكەش هەر ئەمڕۆ لە سنوری برادۆست تۆپخانەكانی توركیا بۆردوومانی چەند گوندێكیان كرد كە بەهۆیەوە ئاگر لەو ناوچەیەش كەوتەوە.