بەهۆی کۆرۆناوە، سەرمایەی پێنج گەورەترین کۆمپانیای نەوتیی جیهان، بەڕێژەی ٥٠ ملیار دۆلار دابەزی.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و بڵاوبوونەوەی بە سەرتاسەری جیهاندا، سەرمایەی پێنج گەورەترین کۆمپانیای نەوتیی جیهان لە سێ مانگی نیسان و ئایار و حوزەیرانی رابردوودا، بەڕێژەی ٥٠ ملیار دۆلار کەمیکردووە.
کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبایل و شۆرن-ی ئەمریکی، تۆتاڵ-ی فەڕەنسی، رۆیاڵ دۆتشڵ-ی هۆڵندی و بریتیش پێتڕۆڵیۆم-ی بەریتانی، بەتێکڕا و لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان بەڕێژەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
سەردەمی کۆرۆنادا بۆ هەموو بوارە ئابوورییەکان و لەهەموشیان زیاتر بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان زۆر قورسە، بەشێوەیەک کە لەماوەیەکی کورتدا، جیهان دابەزینی لەسەدا ٣٠ی داخوازییەکانی بۆ بەکارهێنەرانی وزەی بەخۆیەوە بینی و تا ئێستاش نەیتوانیوە بگەڕێتەوە دۆخی پێش کۆرۆنا.
لە نێوان ئەو پێنج کۆمپانیا زەبەلاحەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، سەرمایەی کۆمپانیای بریتیش پێتڕۆڵیۆم ١٧ ملیار دۆلار کەمیکردووە و کۆمپانیاکەش رایگەیاندووە، بەنیازە لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر سەرمایەگوزاری لە بواری نەوت و غازدا بکات و روودەکاتە بەرهەمهێنانی بوارەکانی دیکەی وزە.