سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ئازاد هەورامی: هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی ئامارەكانی كۆرۆنای بەرزكردووەتەوە

  2020-08-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئامارەكانی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی روو لە بەرزبوونەوەیە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیری تایبەت بە كۆرۆنا هۆكارەكەی بۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار دەگێڕێتەوە و داوا دەكات بەستنی ماسك بكرێتە ناچاری.

ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی رایگەیاند، بە داخەوە لە دوای جەژنی قوربانەوە جارێكی دیكە ئامارەكانی تووشبووانی كۆرۆنا روو لە هەڵكشانە و هۆكارەكەشی بۆ هاتنی ئەو ژمارە زۆری گەشتیار دەگەڕێتەوە كە لەو رۆژانەدا روویان لە شارەكە كرد. 

ئەو وتیشی: لە ئێستادا نەخۆشخانەكەمان 25 نەخۆشی تێدایە و دوو نەخۆش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و كەسێكیش لەم بەیانیەدا گیانی لەدەستداوە كە تەمەنی لە سەروی 80 ساڵیەوە بووە. 

ئەو داواشیكرد بەستنی ماسك بۆ هاوڵاتیان لە شوێنە گشتیەكاندا بكرێتە ناچاری، لەبارەی بڕیارەی سزادانی هاوڵاتیانیش كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ نەبەستنی ماسك بڕی 20 هەزار دیناری دیاریكردووە دەڵێت بڕی سزاكە زۆرە ئەگەرنا بڕیارەكە زۆر پێویستە چونكە هۆكارێكی سەرەكیە بۆ كەمبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.