ڕێبەرێک بۆ یاخیبوون و بیرکردنەوەی نوێخوازانە

  2020-08-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دەربارەی فیلمی (کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان)

داستان بەرزان

سەرەتا

مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی بەشێکە لە سیستم، کە زۆرجار سیستم تا ئاستی کۆیلەبوونی دەبات و لەناو خۆیدا ونی دەکات، بەڵام ئەوەی مرۆڤی یاخی لە مرۆڤی گشتی جیا دەکاتەوە ئەو ڕۆحە ڕەچەشکێنەیە کە ھانی دەدات بۆ شکاندنی ڕێسا باوەکان، ئەمەش لە پێناو ھێنانە کایەی دیدی نوێ بۆ خوێندنەوەی جیھان لە ڕوانگەیەکی دیکەوە.
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیخەینە ڕوو، خوێندنەوەی ھەندێک لایەنی فیلمی (کۆمەڵە شاعیرە مردووەکان)ە، لە دەرھێنانی (پیتەر وێیەر) و نواندنی (ڕۆبن ولیامس) لە ڕۆڵی مامۆستا (جۆن کیتینگ) دا، ھەروەھا (ڕۆبێرت شۆن لیۆنارد) لە ڕۆڵی قوتابیدا، بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٩)، ماوەی فیلمەکە (١٢٨) خولەکە و بەرھەمی وڵاتی ئەمریکایە. 

چیرۆکی فیلمەکە

فیلمی (کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان) باس لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی دەکات، کە تێیدا کۆمەڵێک مامۆستا بەشێوازێکی باو وانە جیاوازەکان بە قوتابیان دەڵێنەوە، لەسەرو ئەمەشەوە ڕوانینی ئاینی مەسیحی زاڵە بەسەر چۆنێتی پەروەردەکردن و فێرکردنی قوتابییەکاندا، بەڵام لە ناو مامۆستاکانی ئەو قوتابخانەیەدا مامۆستایەک بە ناوی (جۆن کیتینگ)ھەیە کە لەڕووی تەمەنەوە تاڕادەیەک لە مامۆستاکانی دیکە گەنجترە و دەرچووی ھەمان قوتابخانەیە، ئەوەی لەم مامۆستایەدا گرنگە ئەوەیە، کە ئەو جیاواز لە تەواوی مامۆستاکانی دیکە، بەجۆرێکی جیاواز قوتابییەکان ئاڕاستە دەکات، نەک بەوجۆرەی ئەکادیمییا دەیخوازێت، ھەربۆیە لە زۆر جێگەدا لەو سیستمە لادەدات کە لە کۆنەوە سەپێنراوە بۆ پەروەردە و فێرکردنی قوتابییەکان، بەجۆرێکی نوێ باسی شیعر و ڕەگەز و پێکھێنەرەکانی شیعریان بۆ دەکات و ڕوانگەی نوێخوازانە پێشنیار دەکات بۆ نوسینی شیعر، لە ڕێگەی مەشقی ڕۆژانەوە ھەوڵی دروستکردنی خولیای شاعیرانە دەدات لە قوتابییەکاندا و ھاندنیان دەدات بینینیان بۆ دونیا بگۆرن، بەھێنانەوەی نمونەی ژیانی ڕۆژانە دیگایان دەوڵەمەند دەکات و ھێزی داھێنانیان تێدا دروست دەکات، ھەموو ئەمانەش لە دەرەوەی قسە سواوەکانی ناو لابۆرەکانی ئەکادیمیا، کە دەبنە ھۆی ئەوەی مرۆڤ تێیاندا ھەست بە بێزاری بکات، لە ئەنجامدا شێوازی ئەم مامۆستایە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەشێک لە قوتابییەکان ڕۆحی یاخیبوونیان تێدا سەرھەڵبدات و لە سیسمی باو یاخی ببن و ھەوڵی شکاندنی بەربەستەکانی ئەکادیمیا بدەن، کە ناھێڵێت بیری مرۆڤ ئازاد بێت و بۆخۆی شتی نوێ بێنێتە ئاراوە. وادەکات قوتابییەکان بە دووی ڕوانینی تازە و دەروازەی تازەدا بگەڕێن بۆ فێربوون و گەڕان بەدوای ڕۆحی ژیان و کرۆکی شیعردا.

لە ئەنجامدا یەکێک لە قوتابییەکان بە ناوی(نیڵ پێری) بەھۆی ڕێگری باوکییەوە کە ناھێلێت لە بواری نواندندا کاربکات و بەدووی خەونی خۆیەوەبێت، خۆی دەکوژێت، بەوھۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە دێتە ناو بابەتی خۆکوژی قوتابییەکەوە و دوای لێکۆلێینەوە و لێپرسینەوە لە قوتایبیەکان، مامۆستا (جۆن کیتینگ)لە کارەکەی دوور دەخەنەوە.

یاخیبوون و داھێنان

کردەی داھێنان چەندێک پەیوەستە بە بوونی ھێزی داھێنان لە مرۆڤدا، ئەوەندە و بگرە زیاتریش پێویستی بە ڕۆحی یاخیبوون ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانین لە نەریتە باوەکان بدەین و لە ئەنجامدا پەنجەرەی نوێ بۆ ڕوانینمان بکەینەوە، ئەوەتا ئەو مامۆستا (جۆن کیتینگ) کە قوتابییەکانی فێردەکات بە ڕێگەیەکی جیاوازدا بڕۆن و لە پەنجەرەی دیکەوە بڕواننە شیعر، لەھەمان کاتدا خەریکە کەرەستەکانی لێدان لە سیستمە باوەکانیان نیشان دەدات، بەڵام ھەمان مامۆستا نایەوێت بێ بەرنامە بکەوێتە شکاندنی سیستمەکە، بەڵکو دەیەوێت قوتابییەکان بە بەرنامە ئەم کارە بکەن، ئەمەش بە مانای وایە بۆ ئەوەی لە سیستمێک بدەین، سەرەتا پێویستە لەو سیستمە تێبگەین، پاشان ڕێ و شوێنەکانی لێدانی بگرینە بەر، بەبێ تێگەیشت لە سیستمێک لێدان بێسودە، واتە ناکرێت ئێمە بەرەنگاری ئیدیایەک ببینەوە، بەبێ ئەوەی لەو ئیدیایە تێگەیشتبین، ئەم تێگەیشتنەش لە ھەمووماندا نییە، بۆیە دەبینین لە ئەنجامی ھەر لێدان و شکاندنێکی بێ بنەما، وێرانکارییەکی بێ بەرھەم دروست دەبێت، ئەم دیدگایەش لە یەکێک لە دیالۆگەکانی مامۆستا(جۆن کیتینگ)دا بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک یەکێک لە قوتابییەکان بە ڕەفتارێکی سەیر دەیەوێت دژی عەقڵی باو لە قوتابخانەکەدا بوەستێتەوە، بەڵام ئەو لە جیاتی ئەوەی پشتگیریی ڕەفتارەکەی بکات، بەپێچەوانەوە سەرزەنشتی دەکات و پێی وایە ناکرێت بەوجۆرە مامەڵە بکات و بیەوێت لەو ڕێگەیەوە دژی دۆخەکە بجوڵێتەوە، بە کورتی دەیەوێت بڵێت: یاخیبوون و لادان لە سیستمی سەپێنراو، پێویستی بە جۆرێک لە بەرنامە و ئامادەکاریی ھەیە.

بوونی باوک لە فیلمەکەدا ھەمان ئەو ئەرکەی ھەیە کە زۆرجار باوکان دەیگێڕن لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، بەوەی ھەوڵ دەدەن منداڵەکانیان ئەو ڕیگایەی ژیان بگرنە بەر و بەو جۆرە بژین و بیربکەنەوە کە ئەوان حەزی پێدەکەن، نەک خودی منداڵەکە، ئەمەش بە ھێنانەوەی چەندین بیانوو، کە زۆرجار باوەڕپێکەرنین و لە ئەنجامدا منداڵەکان لە باوکەکانیان یاخی دەبن.
لەم فیلمەدا کاراکتەری (نیڵ پێری)حەزی بە نواندنە و دەیەوێت لەو بوارەدا کار بکات، بەڵام کاراکتەری باوک بە شێوەیەکی زۆر توند بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت ئاراستەی خەونەکانی کوڕەکەی بگۆڕێت، چونکە ئەو مەبەستێتی کوڕەکەی ببێتە پزیشک و لەو بوارەدا بڕوانامە بەدەست بێنێت، ئەمەش دۆخی دەروونی (نیڵ پێری) دەشێوێنێت و تا ئەو ئاستە گرژ دەبێت، کە بڕیاری خۆکوشتن دەدات.

یاخیبوون و خۆکوشتن

(ئەلبێر کامۆ) لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا بە ڕوونی جەخت لەسەر ئەو ڕوانینەی دەکاتەوە کە مرۆڤ بۆ ئەوەی مانا بە پوچی ژیان نەدات، پێویستە درێژە بە ژیان بدات، ئەمەش لە پێناو گەیشتن بە بێھیواییەکی وەھا کە ھیچ شتێک توانای ئەوەی نەبێت لە خاڵێکدا ڕاتبگرێت، واتە کامۆ خۆکوشتن بە چارسەر دانانێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژیان، چونکە مرۆڤ ئەوەی ھەیەتی ژیانە و ھیچیتر...

لە فیلمی (کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان)دا خۆکوشتن خاڵێکی لاوازی کاراکتەری (نیڵ پێری)، کە بۆچی توانای بەرگیریکردنی لە خۆی نامێنێت و ھەر زوو خۆی دەداتە دەست چاوەنوسێکی نادیار کە مردنە؟ ئایا داکۆکیردن لە ویستی خۆمان و بەردەوامی دان بە ململانێکانی ژیان خاڵی سەرکەوتنی مرۆڤ نییە بەسەر ئەو پوچییەی ژیاندا؟ 

خۆبەدەستەوەدانی کاراکتەری (نیڵ پێری)  بەوجۆرە دیسانەوە کۆیلەبوون و سەرنەویکردنی ئەوە لە بەرامبەر سیستمدا، مرۆڤ بۆ ئەوەی مانا بە سیستم نەدات، کە زۆرجار ئەو سیستمە خودی ژیانیش دەگرێتەوە پێویستە بەردەوام بێت، بەڵام چۆن بەردەوام بوونێک؟ ئەو بەردەوامبوونەی پڕی بێت لە سەرکێشی و وێرانکردنی تەوتەمەکان و دروستکردنی خودێکی باڵا.

مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئامانج بگات پێویستە ڕەنج بدات، بەرگەی ناڕەحەتی بگرێت، بەرھەڵستی دزێوییەکان بکات، چونکە وەک (ئەمیل سیوان)یش پێی وایە، خۆکوشتن مانا بەخشینە بە ژیان، کە خۆی لە بینەڕەتدا ژیان نوقمی بێماناییەکی ڕەھایە، کەواتە بۆ ئەوەی ژیانی بێمانا، مانا وەرنەگرێت، دەبێت وەک سیزیفێکی ھەمیشەیی بەرگەی ناڕەحەتی و خراپی ژیان بگرین و لەبەردەم ئازار و نالەبارییەکانیدا چۆک دانەدەین، تا ئەو ئاستەی کاراکتەری (نیڵ پێری) پێیدەگان لەم فیلمەدا.

ھەر (سیوران)یش پێی وایە دەکرێت خۆکوشتن وەک چەکێک بەرکاربێنین لە بەرامبەر ژیاندا، بەوەی بڵێن: لە بەرامبەر ژیاندا بێباکم، کەی ویستم کۆتایی پێدەھێنم، بەڵام ئەو کۆتایی پێھێنانە بە مانا کردەییەکەی یاخود فیزیکییەکەی نییە.

کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان

لە بەشەکانی کۆتایی فیلمەکەدا دوای ئەوەی قوتابییەکان ھەمان ئەو گروپە دروست دەکەنەوە بەوجۆرەی مامۆستا(جۆن کیتینگ)ڕۆژانێک کاری تێداکردووە، پێیان دەزانرێت و لە ژێر فشاری خێزان و قوتابخانەدا لێپرسینەوە لەگەڵ قوتابییەکاندا دەکرێت، ئەمەش وادەکات قوتابییەکان ببنە چەند بەشێک لەوانە ھەندێکیان دان بە ھەڵەی خۆیاندا دەنێن و پەشیمان دەبنەوە، ھەندێکیان زانیاری دەربارەی ئەندامانی دیکەی گروپەکە و مامۆستاکەیان دەدەن، تا ئەو ئاستەی کێشە دەکەوێتە ناو قوتابییەکانە و گروپەکەیان لەبەریەکترازانێک بەخۆیەوە دەبینێت.

گروپی کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان لەم فیلمەدا بچوکراوەی زۆرینەی شۆڕشەکانە لە دونیادا، کە لە ناویاندا چەندین جۆری مرۆڤ و ھەڵوێست ھەیە، لەوانە مرۆڤی پاک و بەبیر و باوەڕ، کە تێدەکۆشن بۆ گەیشتن بە ئامانج، ھەروەک چۆن مرۆڤی سیخوڕ و ناپاکیش ھەیە بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن لە ڕیزەکانی شۆڕشدان، ھاوکات مرۆڤی بودەڵە و لاوازیش ھەیە کە زیانی گەورە بە شۆڕش دەگەێنن، ئەم جۆرە لە مرۆڤ لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆیاندا ھەموو شتێک دەکەن، ئەمەش وادەکات مل بۆ ھەموو داخوازییەک بدەن، ئەگەر ئەو داخوازییەش لە نەیارانەوە بێت، بۆیە زۆرجار تێکشانی شۆڕشەکانی لێدەکەوێتەوە.

مرۆڤی گرگن (مەبەست لە گرگنی ڕۆحی و گرگنییە لە کیانی مرۆڤدا) لە ھەموو جێگەیدا زیانی خۆی دەگەێنێت، ئەوەتا لەم گروپەشدا مرۆڤە سیخوڕ و گرگنەکان دەبنە ھۆی بڵاوەپێکردنی گروپەکە، ھەروەک چۆن بەھۆی مرۆڤە پایە بەرزەکانەوە ئامانجەکان دەگەنە ئاستێکی باڵا، سەرکەوتن و شکستی شۆڕشەکان باسی ئێمە نین لێرەدا، لە دواتریشدا تاچەند ئامانجەکانیان لە پێناو زۆرینەی خەڵکدان، یاخود دەستە و تاقمێکی دیاریکراو، دواجاریش ئەوان چۆن دەبنە دیکتاتۆر و خەڵکی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوەی پەیوەستە بە فیلمەکەوە ھەڵوەشاندنەوەی گروپی گۆمەڵەی شاعیرە مردووەکانە کە خەونی چەندین گەنج دەشێوێنێت، بەڵام چۆن شێواندنێک؟ ئەوەیان بۆ بینەرانی فیلمەکە جێدەھێڵین و ھەرگیز ئەم نوسینە ناتوانێت تەواوی چێژ و ڕەھەندەکانی فیلمەکە بخاتە ڕوو.

فیلمی (کۆمەڵەی شاعیرە مردووەکان) فیلمێکی سەرنجڕاکێشە لە ڕووی بیرۆکە و گەیاندنی بیرۆکەکانەوە لە ڕێگەی وێنەی جوانی سینەماییەوە، ھەروەھا نواندنی ئەکتەر (ڕۆبن ولیامس) لە ڕۆڵی کاراکتەری مامۆستاکەدا پێگەیەکی تایبەتی و ڕووبەرێکی بەرفراوانی داگیرکردووە لە فیلمەکەدا، ھەروەھا دیمەنی کۆتایی فیلمەکەش کە ساتەوەختی یاخیبوونی قوتابییەکانە لەو مامۆستایەی کە دەیەوێت دوای مامۆستا(جۆن کیتینگ)وانەیان پێ بڵێتەو، ھەستانە سەرپێیان بۆ سەر مێزەکانیان بەوەی کە چیتر ئەمان بەشێک نین لە سیستمێکی باو و سەپێنراو، لای من جگە لەوەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، نەمتوانی بە ئاسانی تێیپەڕێنم، تەزوویەکی قوڵی بە تەواوی گیانمدا ھێنا و خستمییە سەرەتاکانی کتێبی(مرۆڤی یاخی) ئەلبێر کامۆ کە باس لە یەکەمیین (نا) دەکات، کاتێک مرۆڤی کۆیلە لە بەرامبەر ئاغا یاخود بەرپرسەکەیدا دەیڵێت، کە گرنگییەکی زۆری ھەیە، لای کامۆ ئەو (نا)یە سەرەتای سەرھەڵدانی ھەموو یاخیبونێکە، شۆڕشەکانیش ھەموو لە (نا)یەکەوە دەست پێدەکەن، لەو (نا)یەوە مرۆڤی یاخی خۆی لەوانیتر جیادەکاتەوە و بەرەو ڕێگایەک دەڕوات کە خۆی دەیەوێت و باوەڕی پێیەتی، نەک ئاغا و بەرپرسەکانی، سوپاسکردنی قوتابییەکانیش لەلایەن مامۆستا (جۆن کیتینگ) سوپاسکردنی سەرکەوتنی ئەوانە بەسەر سیستمێکی باو و سەرەتای سەرھەڵدانی دیدگای نوێ و کردنەوەی پەنجەرەی دیکەیە بۆ ڕوانین لە شیعر، لە دونیا.


ڕیکلام