هانا کامکار شێعرێکى کەژاڵ ئەحمەد دەکاتە گۆرانی

  2020-08-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هانا کامکار هونەرمەندى کورد، لە پۆستێکیدا لە ئینستاگرامى تایبەتى خۆی بەشێک لە گۆڕانییەکى نوێى بە ناوى (باران و من) داناوە، کە شێعرەکەى یەکێکە لە شێعرەکانى دیوانى (قاوەیەک لەگەڵ ئەودا)ى (کەژاڵ ئەحمەد)ى شاعیر.

دەربارەى چۆنێتى ناسین و گەیشتنى ئەو شیعرە بەو هونەرمەندە تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان، کەژاڵ ئەحمەد رایگەیاند، ساڵی ٢٠٠٧ هاوڕێیەکم پێی وتم خاتوو هانا کامکار کچی هونەرمەندی گەورە مامۆستا بێژەن کامکار دەیەوێت بتبینێت و داوای دیوانە چاپکراوەکانت دەکات بەمەبەستی کاری هونەری.

وتیشی، دیدارێکمان ڕێکخست و کۆبەرهەمەکەم وەک دیارییەک پێشکەش بەم خانمە کرد کە لەیەکەم بینینەوە خۆشم ویست، هێندە ڕۆح جوانبوو. من پێشتر بەهۆی دیدارێکەوە کە بۆ کەناڵی کوردساتم ئەنجامدا بوو لەگەڵ دایکی کامکارەکانا هەموویانم لەنزیکەوە دەناسی و چووبوومە کۆنسێرتە هونەرییە باڵاکانیان لە سلێمانی، بەڵام هانا خانم لەو بینینە کورتەی شەقامی سالمی شاری سلێمانیدا ناسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەوکاتەوەی کتێبەکەم داوەتە دەستی ئەم نەوە تازەیەی کامکارەکان، پێشبینی و چاوەڕوانی کارێکی هونەریی ڕاقی و کوردانەم دەکرد. هانا خانم وێرای ئەوەی لەخێزانێکی هونەریی پلەیەکدا چاوی هەڵهێناوە و گەورەبووە، خۆشی لە هەوڵدان نەوەستاوە، میوزیکی خوێندووە و دەرهێنەری کورتە فیلم و چالاکە لەزۆر بواری دیکەدا. باران و من ئەو دەقەیە کە هانا کامکار هەڵیبژاردووە بۆ گۆرانییەکەی، ئەم شیعرەم یەکێکە لەو دەقانەی ساڵی ٢٠٠١ لەدیوانی قاوەیەک لەگەڵ ئەودا دا بڵاومکردۆتەوە. ئەو کۆبەرهەمەی پێشکەش هانا خانمم کردبوو چوار دیوانی چاپکراومی لەخۆگرتووە
.

ئەمەش دەقی ئەو شیعرەى (کەژاڵ ئەحمەد) کە هونەرمەند هانا کامکار کردوویەتى بە گۆرانى

باران لەناو مندا

بچکۆلەیە هێندەی،

کۆرپەیەک لەناو دایکیدا .

من لە باراندا بەرینم

لەمسەری دنیاوە ئەکشێم،

تا ئەوسەری... درێژبوونەوەی باڵی خوا

باران و من

گرینۆکین، گرینۆکین، گرینۆک .

من و باران

پڕین لە نزای عاشق و

دڵی بەرینی هەزاران عەشقی سەنەم

پڕین لەچاو

پڕین لە دەم

پڕین لە ئاه ...

هەردووکمان ئالوودەین.



ڕیکلام