سۆرانی  |  بادینی  |  English      

هەفتەی داهاتوو ڕۆمانی یاریی فریشتەكە بڵاودەكێتەوە

  2020-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە ڕۆژی شەممە رێوڕەسمی ناساندنی ڕۆمانی (یاریی فریشتەكە) كە بەشی دووهەمی ڕۆمانی (سێبەری با)یە لە نووسینی، كارلۆس ڕویز زافۆن و هیوا قادر لە سویدییەوە وەرگێڕانی بۆكردووە.

وەرگێڕی رۆمانەكە لەو بارەیەوە بە (ژیان) دەڵێت: ئەم ڕۆمانە بەشی دووەم لە ڕۆمانە چوارینەكەی كارلۆس ڕویس زافۆنە كە بە ڕۆمانی سێبەری با دەستی پێ كردووە. ئەم ڕۆمانەیان باس لە ڕووداوەكانی شاری بەرشلۆنە ئەكات، واتا ڕووداوەكانی پێش ڕۆمانی سێبەری با. هەمان گەڕانە بەناو كوچە و شەقامە تەماوییەكانی بەرشلۆنەدا. 

ئەو وەرگێڕە ئاماژەی بەوەشكرد لە رۆژمانەكەدا: دیسانەوە گەنجینەی كتێبە لەبیركراوەكان ئەبێتەوە بەو جێگە نهێنییەی كە كتێبەكان تیادا هەڵئەگیرێن و لە هەمان كاتدا كتێبە سەیر و پڕ لە ڕازەكانی لێوە دێنە دەرەوە. چیرۆكی عەشقە شكستخواردخووەكان، پرسیارە لە كۆتایی نەهاتووەكان لەسەر مێژووی دین، سەرچڵییەكانی مرۆڤ و عەوداڵبوونی بەدەست خەیاڵە تاریكەكانەوە. لەگەڵ چەندان ڕووداوی چاوەڕواننەكراوی تر لەم ڕۆمانەدا هەیە. 

ئەو كتێبە وا بڕیارە لە رۆژی شەممەی 29ی ئاب كاتژمێر پێنج لە كافێی غەزەلنووس نزیك دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە مەراسمێكدا بڵاو بكرێتەوە.