کەرکوک.. لەماوەی 100 ڕۆژدا 135 تیرۆریست دەستگیرکراون

  2020-08-28  | 
کەرکوک
لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ١٣٥ تیرۆریست لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکراون
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ١٣٥ تیرۆریست لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکراون و شەش خۆکوژیش پێش خۆتەقاندنەوەیان کوژراون.

دەزگا ئەمنیەکانی کەرکوک لەماوەی سێ مانگ و ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، توانیویانە گورزێکی باش لەجموجوڵە تیرۆریستییەکان بدەن و رێگە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی بگرن کە بەوتەی لێپرسراوانی ئەمنی، ئەگەر ئەو هێرشانە ئەنجامبدرانایە، زیانی مادی و گیانی زۆریان لێدەکەوتەوە.

ئەفسەرێکی باڵا لە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هێزە عێڕاقییەکان لەکەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، لەماوەی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆر لە کەرکوک،  توانیویانە ١٣٥ تیرۆریست و شانەی نوستووی داعش دەستگیربکەن، کە ڕاستەوخۆ بەفەرمانی دادگا و لەژێر ڕۆشنایی مادەی چواری تیرۆردا، لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانە توانیویانە ٣٠ کەسی دیکە بە مادەی جۆراوجۆر دەستگیربکەن و لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بەسەر ٦٥ بۆمبی چێنراودا گرتووە کە ئامادە کرابوون بۆ تەقاندەوەیان لەسنوری کەرکوک.

ئاشکراشیکرد، هێزە عێراقییەکان توانیویانە شەش خۆکوژ پێش گەیشتنیان بەپارێزگاکە و خۆتەقاندنەوەیان، بکوژن کە ناسنامەی جیاوازیان هەبووە و ویستویانە شوێنە قەڕەباڵغەکان بکەنە ئامانج، هاوکات دەستگیراوە بەسەر ٢٠ گوللە کاتیۆشا و دەیان گوللە هاوەن کە ئامادە کرابوون بۆ تەقاندنەوەیان، هەروەک دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویش پوچەڵکراونەتەوە و و بارهەڵگێکی پڕ لەچەک وتەقەمەنی پێش تەقاندنەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەو ئەفسەرە عێراقییە راشیگەیاند، ڕۆژانە ئۆپراسیۆن و هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی هێزەکانمان بۆ زیاتر فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ دانیشتووانی کەرکوک بەردەوامی هەیە، بەڵام ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای کەرکوک پێویستی بەچالاکی ئەمنی زیاتر هەیە بۆ بنەبڕکردنی دەستی تیرۆریستان لەو ناوچانە و دورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر شارەکە.



ڕیکلام