كورته‌ی گشتیی سینه‌ما له هه‌ر ژانرێك هیچ نییه جگه له یه‌كانگیربوون له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆزی بینه‌ر. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆ بێت كه "ستانلی كوبریك" وه‌ك یه‌كێك له ده‌رهێنه‌ره ئاڵۆزه‌كان و خاوه‌نی یه‌كێك له ئاڵۆزترین و فه‌لسه‌فیترین فیلمی مێژوو له ساتێك‌دا به جدی ئه‌ڵێت "فیلم زیاتره له چیرۆكێك، چه‌شنی پارچه مۆسیقایه‌كه؛ یان به لای كه‌مه‌وه ئه‌بێت وابێت. ئه‌بێت زنجیره‌یه‌كی به‌دوایه‌كی دۆخه روحی و هه‌سته‌كییه‌كان بێت. بابه‌ت، ئه‌و شته‌یه كه پاش هه‌سته ڕۆحییه‌كان دێت و به هه‌مان شێوه‌ش واتاش له دوای ئه‌وانه‌وه دێت."
"سینه‌ما پارادیزۆ" مانیفێستی ئه‌م گوته‌یه، مانیفێستی ئه‌وه‌یه كه فیلمه‌كان له واقیعدا هه‌ر شتێكی جوان و شیرین بن، كه‌چی بینه‌ر پێش هه‌ر شتێك ئه‌یه‌وێت له‌و فیلمه‌وه چیی ده‌ست ئه‌كه‌وێت یان ده‌كه‌وێته چ دۆخێكه‌وه له‌گه‌ڵی. هه‌ر ئه‌مه‌ش له سینه‌ما پارادیزۆ خۆی به‌یان كردووه كه ئه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می خۆی ته‌ماشای فیلمه‌كه‌یان كردووه به ئێستاشه‌وه له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و دۆخه سۆزدارییه‌ی فیلمه‌كه‌دا ماون.
سینه‌ما پارادیزۆ (Cinema Paradiso)فیلمێكی درامیی ئیتاڵییه و له ساڵی 1988 ده‌رهێنه‌ری دیاری ئیتالی جیۆسێپێ تۆرانتۆرێ نووسین و ده‌رهێنانی بۆ كردوو. له شه‌ستودووهه‌مین خولی خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار و له ساڵی 1990 خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ده‌ره‌وه‌ی زمانی ئینگلیزیی بردووه‌ته‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كانی فیستیڤاڵی كان و گۆڵدنگلۆپ و بافتا.
چیرۆكی فیلمه‌كه له‌باره‌ی منداڵێكه به ناوی (سالڤاتۆرێ دێ ڤیتا) یان (تۆتۆ)منداڵێكی ئاشقی سینه‌ما به دڵخۆشیی و گه‌شییه‌وه بۆ سینه‌ما پارادیزۆ -كه تاكه هۆڵی سینه‌ماییه- ده‌چێت تاكوو بتوانێت ته‌ماشای فیلم بكات، له‌گه‌ڵ سه‌ردانه به‌رده‌وامەكانی بۆ ژووری پرۆجێكته‌ری سینه‌ماكه. به‌رده‌وام به نواڕینی بۆ نه‌واره‌كانی فیلم چێژ ئه‌باو هه‌ست ئه‌كات له جێگایه‌كه كه خه‌ونێكه بۆی. به‌بێ گوێدانه ئه‌و سه‌رزه‌نشانه‌ی كه ده‌یكرێن. فیلمه‌كه به هێڵێكی ته‌ریب ده‌ڕوات به ناو ژیانی (تۆتۆ)دا، له منداڵییه‌وه بۆ لاوێتی و دواتریش بۆ پێگه‌یشتوویی و بوونبه‌ده‌رهێنەری، كه ده‌كرێت له هه‌ر ته‌مه‌نێك و چیرۆكێك خۆی به‌یان بكات. به‌شی یه‌كی فیلمه‌كه له‌سه‌ر دڵگه‌رمی تۆتۆیه بۆ سینه‌ما و ئاوێزانبوونێتی، به‌شی دووه‌می تۆتۆ له دۆخی ئه‌ڤیندارییه‌كی قوڵدایه و به‌شی سێیه‌میشی یه‌كانگیربوونی ئه‌م دوانه‌یه له تۆتۆدا، كه پێمان ئه‌ڵێ ده‌كرێت سینه‌ما و ئه‌ڤین چۆن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مرۆڤ دروست بكه‌ن، چۆن ده‌كرێت نۆستالیژیا خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌رماندا و ژیانی واقیعیش زۆر سه‌ختره له فیلم.
ئه‌و شاره بچووكه‌ی سالڤاتۆرێی لێ ئه‌ژی سنبولی هه‌موو دنیایه. له جێگه‌یه‌كی بچووكی ئه‌م دنیایه‌دا كه‌سانێك هه‌ن بیر له عه‌شق ئه‌كه‌نه‌وه، بیر له‌وه ئه‌كه‌نه‌وه چێژ له ژیان ببینن، خۆشه‌ویستی بكه‌ن، له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌مه درێژه ناكێشێ و ناكام ئه‌بێت. ئه‌م به‌شه بچووكه هیچ نییه جگه له سینه‌ما پارادیزۆ. سینه‌ما پارادیزۆ یه‌كانگیربوونی سینه‌ما و مرۆڤه، شه‌وانی درێژ كه خه‌ڵكی كاتیان هه‌یه بۆ ژیان و هه‌موو ئه‌و كاته به‌تاڵه‌یان له سینه‌مادا به‌رسه‌ر ببه‌ن. ته‌واوی خه‌ونه‌كانیان له بینینی فیلم‌دا خۆی ببینێته‌وه.
سالڤاتۆرێ مرۆڤێكی خاوه‌ن غه‌ریزه‌یه هاوكات ئاشنا عه‌شق ئه‌بێت و ئه‌مه‌ش ئاسایی‌ترین تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی به‌رزه. تۆرانۆره غه‌ریزه و عه‌شق ئاوێزانی یه‌ك ئه‌كا و ڕیگای ژیانی تێدا ده‌دۆزێته‌وه. سینه‌ما پارادیزۆ فیلمێكی درامیی عاشقانه‌یه. فیلمێكه له‌سه‌ر عه‌شق و ئه‌زموونی كه‌سانێكه كه ئه‌زموونی ده‌كه‌ن. تاراتۆره پێمان نیشان ئه‌دات كه مرۆڤ هه‌میشه به‌دوای پاڵه‌وانێكه‌وه‌یه، توانا له‌وا ده‌بنێته‌وه و مرۆڤبوونی خۆی فه‌رامۆش ئه‌كات.
تۆرناتۆرێ عاشقه، عاشقی سینه‌مایه، عاشقی ژیانه، شاره‌كه‌ی خۆی و خه‌ڵكه‌یكه‌ی به‌باشی ده‌ناسێت. مرۆڤگه‌لێك له سینه‌مادا ژیان ئه‌كه‌ن. كه‌سانێك وه‌ك ئه‌وه‌ی چاو له چاوی خۆشه‌ویسته‌كه‌یان بكه‌ن به‌و جۆره له شاشه‌ی سینه‌ما ده‌نواڕن. تۆرناتۆرێ خۆی وه‌كوو فیلمسازێك نابینێت، به‌ڵكوو خۆی له تۆتۆدا ئه‌بینێته‌وه. له گیانه فزوڵئاساكه‌یدا دنیا ئه‌بینێ و چێژ وه‌رده‌گرێ. له شوێكه كه له نێو كێشمه‌كێشی ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌تدا ته‌نیوه. دێوه‌زمه‌ی كۆمۆنیزم و سه‌رمایه‌داری ئه‌و شاره‌ی خامۆش كردووه و هه‌رساڵه و هه‌واڵی مه‌رگی كۆمه‌ڵێك كه‌س به گوێ ئه‌كات كه له جه‌نگدا مردوون، كه‌چی تۆرناتۆرێ دێت و جێگایه‌كی ئارام و هۆڵێكی پڕ ژیان بنیات ده‌نێت به ناوی (پارادیزۆ - به‌هه‌شت) كه وه‌ك ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێت ده‌كرێت ئێمه بتوانین ژیانێكی ئارام دروست بكه‌ین و دوور له جه‌نگ، جوانییه‌كان هێنده ئه‌بن كه به‌شی سیله‌ی چاوی ئێمه بكات. به‌هه‌شتێك كه هه‌موو پێكه‌وه و له یه‌ك ئاستادا ته‌ماشای فیلم ده‌كه‌ن، جیاواز له‌و ژیانه ناعه‌داله‌تییه‌ی كه له‌و ڕۆژگاره‌دا جه‌نگ و ماڵوێرانی دروستی كردوون، ناعه‌داله‌تییه‌ك كه چینایه‌تیی درووست ئه‌كات و ڕێ له عه‌شق ده‌گرێت. ئه‌و عه‌شقه ناكامه‌ی كه سالڤاتۆرێی وا لێ كرد دوور بژی به جۆرێك بیه‌وێت له هه‌موو شت هه‌ڵبێ.
سینه‌ما پارادیزۆ هیوابه‌خشه، چون له‌سه‌ر بنه‌مای نیوڕیاڵیزمی دژه فاشیزمه؛ ڕووبه‌ڕووی دۆگما ئه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێت هه‌رچه‌ند پیاوانی ئاین و پیاوانی ئایدۆلۆژیا به زه‌نگۆڵه‌ی ده‌ستیان و زه‌نگۆڵی زیهنیانه‌وه به‌رده‌وام له جوانییه‌كانت ڕاگرن، ڕۆژێك دێت ئه‌م ڕیتواڵه نه‌مێنێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئالفرێدۆ له دیالۆگێكدا ئه‌ڵێت، "ڕه‌نگ بوو من هه‌ندێك جوانتر ئه‌م جیهانه‌م دروست كردبا."
پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م سینه‌مای نیوڕیاڵیزم په‌ره‌ی سه‌ند، به شێوه‌یه‌كی گشتی جه‌ختی له دژه‌ڤاشیزمی و دژه‌جه‌نگی ده‌كرده‌وه. هه‌رچه‌ند ده‌رهێنه‌ر (جیزارێ زاوێتی Cesare zavattini 1902-1989 ) وه‌ك دانه‌ری تیۆری نیوڕیاڵیزم دیاری ئه‌كرێت، به‌ڵام به‌گشتی ده‌رهێنه‌رانی ئیتاڵی دوای جه‌نگ له‌سه‌ر سێ خاڵی سه‌ره‌كی كۆك بوون، یه‌كه‌م: تاكو ئه‌وه‌ی ده‌توانن سیناریۆ له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه نزیك بێت و واز له هه‌ر شتێك بهێنن كه بۆنی كلاسیكی لێوه بێت، دووه‌م: هه‌ر به ته‌نیا نه‌یانده‌ویست له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی ورد ببنه‌وه، به‌ڵكو ده‌یان ویست بچنه هه‌ناو و دڵیانه‌وه، كێشه سۆزدارییه‌كانیان، عه‌شق و وێناكردنه‌كانیان پیشان بده‌ن، سێیه‌م: جگه له‌وه‌ی په‌یامێكیان له ڕیگه‌ی فیلمه‌كه‌وه ده‌گه‌یاند، ده‌یانه‌ویست فیلمه‌كانیان ته‌نیا ته‌فسیرێكی نه‌بێت به‌ڵكو هه‌ر بینه‌رێك ئاوێنه‌ی فیلمه‌كه ئه‌بوو و مانایه‌كی خۆی تێدا ده‌دۆزییه‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ كۆتاییه كراوه‌كه‌ی فیلمه‌كان، كه وای ئه‌كرد بینه‌ر خۆی به دوای كۆتاییه‌كدا بگه‌ڕیت. هه‌موو ئه‌مانه له سینه‌ما پارادیزۆ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، تۆرناتۆرێ باسه له مرۆڤه ساده‌كانی شار ده‌كات، ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه ته‌نیا خه‌ونیان ئه‌وه‌یه ماچێك له سینه‌مادا ببینن، تۆرناتۆرێ ده‌چێته دڵی مرۆڤه‌كانه‌وه، ئه‌و هێند قوڵ چووبووه هه‌ناوی تۆتۆوه كه هیچ بینه‌رێك ناتوانێ خۆی له هه‌مبه‌ری ڕاگرێ، هاوكات له‌گه‌ڵ كۆتاییه كراوه‌كی فیلمه‌كه كه وه‌ك چاره‌نووسێكی شووم ڕووبه‌ڕووی هه‌موومان ئه‌بێته‌وه.
سینه‌ما پارادیزۆ پێمان ئه‌ڵێ ناتوانی هه‌ڵبێی، ئێمه هه‌رچه‌ند له شوێن ڕا بكه‌ین ئه‌و له‌گه‌ڵمان دێت، مرۆڤ تاكه بوونه‌وه‌ره كه توانی ئه‌وه‌ی نییه خۆ قوتار بكات له یاده‌وه‌ری، پێمان ئه‌ڵێ كه نۆستالیژیا بكوژی مرۆڤه، مرۆڤ گه‌ر بۆ ئه‌به‌دیش له زێد دوور بێت هیشتا ئاگری یاده‌وه‌رییه‌ك له دڵیا چه‌خماخه ئه‌دات، وه هه‌میشه وات لێ ئه‌كا له ژیاندا سه‌ركه‌وتوو ده‌ركه‌وی و له هه‌ناودا ڕووخاو.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سینه‌ما پارادیزۆ به یه‌كێك له باشترین فیلمه‌كانی مێژوو دائه‌نرێت كه له یاده‌وه‌ریی بینه‌ره‌كانیدا ئه‌مێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت كۆتاییه‌كه‌ی و ئه‌و میوزیكه شاكاره‌ی كه بۆی دانراوه، به یه‌كێك له باشترین و پڕسۆزترین میوزیك داده‌نرێت له‌نێو مێژووی سینه‌ما.
*نوسەر و وەرگێڕ.