سعودیە بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی لەبەردەم فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا واڵا بکات

  2020-09-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەوڵەتی سعودیە بڕیاریدا لەمەودا ڕێگە بدات بەتێپەڕبوونی گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا.

بەو بڕیارەش کۆتایی دێت بەو قەدەغەیەی کە لەلایەن سعودیەوە سەپێنرابوو بەسەر سەرجەم ئەو فڕۆکە ئیسرائیلیانەی کە دەیانویست بەئاسمانی وڵاتەکەیدا تیپەڕ ببن.

دەستەی فڕۆکەوانی سعودیە لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، بڕیارەکە لەسەر داوای ئیمارات بووە، بە تایبەت دوای ئەو ڕێککەوتنەی کە بەچاودێری ئەمریکا لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا ئیمزار کرا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوزەبی و تەلئەبیب ئاسایی کرایەوە.

دووشەممەی ڕابردوو بۆیەکەمجار فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیسرائیل، بە گەشتێکی ڕاستەوخۆ لە تەلەئەبیبەوە گەشتی کرد بۆ ئەبوزەبی، گەشتەکەش بە ئاسمانی سعودیەدا ئەنجام درا.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیارەکەی سعودیەی بە پێشکەوتنێکی مەزن ناوبرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەتوانن راستەوخۆ گەشتی ئیمارات بکەن.



ڕیکلام